"ماڵەکەم خاپوورکرا بەڵام ئێرە چۆڵناکەین"

دەوڵەتی تورک بە بەردەوامیی باشوری کوردستان بۆردوومان دەکات، گوندەکانی بناری قەندیل زۆرترین جار بەر بەوهێرشانە کەوتوون، لەنێو ئەوانەشدا گوندی ئێزنێ، کە هاوڵاتییەکانی وێڕای قوربانییەکی زۆر ئامادەنین دەستبەرداری زێدی خۆیان بن، عەبدولغەفار لەم مانگەدا فڕۆکە خانووەکەی خاپورکرد، بەڵام ئەو دەڵێت: بۆردوومان ناتوانێت ئێرەمان پێ چۆڵبکات.


لە بێدەنگیی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە بەزاندنی زەوی و ئاسمانی باشوری کوردستان و تا ئێستا دەیان هاوڵاتی مەدەنیی کۆمەڵکوژ کردووە، ١٨ ئەم مانگە ماڵی هاوڵاتییەکی دیکەیان خاپوور کرد، بەڵام ئەوان دەڵێن "هەرچەند بۆردوومان بکرێین دەست لە گوندەکان بەرنادەین".

عەبدولغەفار حەسەن دانیشتوی گوندی ئێنزێ'ـە، کە ۱٨ی ئەم مانگە خانووەکەی لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە خاپوور کرا، دەڵێت، وەک ئێوە دەبینن ئەوە خانووی منە بەر بۆردوومان کەوتووە و هیچ شتێک لە ناو خانووەکەم بە ساخی دەرنەچووە!.

ئەو هاوڵاتییە دەڵێت هەموو کەسێک دەزانێت ئەوە ماڵەکەی ئەوە و خانووەکەی لە ناو باخچەدا دروست کردووە و خەریکی کاری باخداری و کشتو کاڵییە، هەروەها دڵخۆشە بەوەی کاتی کاتی بۆردوومانەکە خۆی و خانەوادەکەی لەماڵدا نەبوون.

بە بەردەوامی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک گوندەکانی بناری قەندیل بۆردوومان دەکەن و تا ئێستا چەندین کۆمەڵکوژیی هاوڵاتیانیان ئەنجامداوە، بەڵام وەک هاوڵاتیانی ئەو گوندانە خۆیان دەڵێن، بۆردوومان ناتوانێت زێدی خۆیان پێ چۆڵبکات، عەبدولغەفار دەڵێت: هەر چەند بۆردوومان بکرێت مرۆڤ ناتوانێت دەست لە گوند و ماڵ و موڵکی خۆی هەڵگرێت، بە درێژایی مێژوو قەندیل کەوتووەتە بەر بۆردوومان، بەڵام گوندەکانمان چۆڵ نەکردووە، داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کار بکات بۆ ڕاگرتنی بۆردوومانەکان.

ئەگەر ڕۆژێک گوندەکانی بناری قەندیل بۆردوومان نەکرێت، ئەوە فڕۆکەی سیخوڕی و کەشف بەسەر سنوورەکەدا دەسووڕێنەوە و ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان دروستەکەن، کوێستان حەسەن دانیشتوویەکی ئێنزێیە و دەڵێت، بارودۆخی ئەوان لە بناری قەندیل زۆر خراپە.

کوێستان وتی: لە وەرزی بەهاراندا کاتێک دەچینە چیاکان بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان، تا ئێوارە دەگەڕێینەوە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، بژێوی ژیانی ئێمەی گوندنشینان لە سەر کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان، ئاژەڵداریی و باخدارییە.

کوێستان وتیشی: خەڵکی بناری قەندیل بە بێ تاوانی شەهید و بریندار دەکرێن، ڕەز و باخ و خانووی هاوڵاتیان بۆردوومان دەکرێت و دەستووتێن، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێت، چونکە تیرۆریستە و بۆخۆی تیرۆریست دروست دەکات، هیوادارین چیتر قەندیل بۆردوومان نەکرێت و خۆشی بۆ دانیشتوانی گوندەکانی بناری قەندیل بگەڕێتەوە.

س.ح