مایک پێنس: تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی ڕادەگرێت

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تورکیا ڕایانگەیاند: لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتووین بۆماوەی ١٢٠ کاتژمێر ئۆپەراسیۆنەکانی ڕابگرێت.


بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی، شاندیکی ئەمریکا گەیشتە ئەنقەرە و لەگە ئەردۆغان سەرۆکی کۆماری دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش، مایک پێنس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند:" دوای کۆبوونەوەمان بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر، ئەمریکاو تورکیا ڕێککەوتوون بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی ١٢٠ کاتژمێر تا ئەوکاتەی هێزەکانی یەپەگە لەناوچەی ئارام دەکشێنەوە".

پێنس ڕاشیگەیاند:" تورکیاو ئەمریکا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن بەتایبەت ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتی هەیە، هەروەها ئەمریکا و تورکیا پێکەوە لەسەر بنچینەی ڕێککەوتنی  نێودەوڵەتی ناوچەی ئارام دەپارێزن".

سەبارەت بەم پرسە، تا ئێستا خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک هیچ هەڵوێستێکی فەرمی دەرنەبڕیووە.

سەرنجڕاکێشە، لەکاتێکدا باسی وەستانی شەڕ دەکرێت، فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناوەندی سەرێکانی و نەخۆشخانەی شارەکەی بۆردوومان دەکەن.

ب.ش