چوؤرشەممە, 25 يول 2018 – 10:16 ڕۆژنیوز – دانا عومەر
محەمەد ڕەشید، پیاوێکى تەمەن ٦٢ ساڵە، ماوەى پێنج ساڵە لە یەکێک لە شەقامەکانى شارى سلێمانى چای دەفرۆشێت، بەهۆى خۆشى تامى چاییەکەیەوە ئێستا ناوبانگى پەیدا کردووە و خەڵک لە شوێنە جیاوازەکانەوە دێن بۆ خواردنەوەى چاییەک لاى.
محەمەد ڕەشید، دەڵێت، كە نۆ جۆر چای تێکەڵ دەکات و لەگەڵیشیدا ڕۆحى چایی تێکەڵ دەکات، بۆ ئەوەى تامى خۆش ببێت، بێجگە لەوە شێوازێکى تاییبەت بەخۆى هەیە بۆ لێنانى چاییەکە، هەروەها دەڵێت ئەوەى جارێک چای لاى ئەو بخواتەوە ناتوانێت جارێکى دیکە بۆى نەیەتەوە.
چایچی-یە بە تەمەنەکە لەگەڵ ئەوەى تەمەنى هەڵکشا وە، بەڵام جەستەیەکى پڕ جوڵەى هەیە و بە چێژ و خۆشحاڵییەوە کار دەکات، گورجوگۆڵییەکەیى و خۆشى باسکردنى چایەکەى لە تامى چایەکەى خۆشترە، ئەو پێش ئەوەى دەستبکات بەم کارە وەستاى لەبغ کردنى بینا بووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى کارى بیناسازى کەم بووەتەوە دەستىیکردووە بە کارى چایی چێتى.
محەمەد ڕەشید، بە ئیرادەوە باسى لە داهاتووى کارەکەى دەکرد و دەیوت، کە دەیەوێت لە داهاتوودا چاییەکەى بکاتە بەناوبانگترین چا لە هەرێمى کوردستان و وابکات کە هیچ کەس هێندەى ئەو ناوبانگى نەبێت.
س.ح