دووشەممە, 6 أغس 2018 – 14:17 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
محەمەد ئۆجالان، برای عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لەبارەی گۆشەگیریی و باردۆخی ئۆجالانەوە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی مەزۆپۆتامیا کرد.
محەمەد ئۆجالان، وتی: لە ئیمرالی بارودۆخێکی جیاوازتر و سەرتر لە گۆشەگیری هەیە، ئەو دۆخە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و دەبێت سەرەتا گەلی کورد و بە گشتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نەهێشتنی گۆشەگیری لە ئیمرالی بە بێ پسانەوە تێبکۆشن.
ئۆجالان ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین کێشەی تیادایە و گەورەترین کێشەش کێشەی کوردە، وتیشی: ئەگەر هێزە سەردەستەکان بیانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت، ئەوا پێویستە رێگای چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان بکرێتەوە، تەنها ئۆجالان دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی ئۆجالان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە دۆخەکە باشتر بکرێت.
ئۆجالان، دەشڵێت: چاو و دڵ و گوێی گەلی کورد لە ئیمرالییە، تاوەکو دێت گەل زیاتر بێ ئومێد دەبێت، بێهیوابوون بە مانای ئەوەیە، کە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ڕێگایەک دەڕۆن، کە گەڕانەوەی بۆ نییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەمەد ئۆجالان، بەپێویستی زانی، کە سیاسەتمەدارانی گەلی کورد بۆ نەهێشتنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەرەکەیان، بەشێوەیەکی چڕوپڕ تێبکۆشن، جەختیشیکردەوە: پێویستە سیاسەتمەداران زیاتر سیاسەتەکانیان لەسەر گۆشەگیرییەکەی ئیمرالی بێت.
محەمەد ئۆجالان، برای عەبدوڵا ئۆجالان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ ناکرێت، کە ئۆجالان لە دەرەوەی ڕۆژەڤ بهێڵدرێتەوە، پێویستە گەلی کورد بە خێرایی ڕاپەڕێت، ئەگەر ئەوە ئەمڕۆ ڕوو نەدات ڕەنگەی سبەی زۆر درەنگ بێت، ئێمەیان کوێر، کەڕ و لاڵکرد، دەبێت ئەوە قبوڵ نەکرێت، باجی ئەوەی چی دەبێت با ببێت ئامادەم بیدەم، دەبێت هیچ کەس لەو باجە نەترسێت کە دەیدات تاوەکو گۆشەگیریی ئیمرالی لادەبرێت، پێویستە بەبێ پسانەوە تێکۆشان بکەین.
ب.ل