هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی ئاماژە بەوە دەکات، کە دیدار و سەردانەکانیان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان سەرکەوتوو بووە، دەشڵێت: بڕیارمانداوە درێژە بە پەیوەندییەکانمان بدەین و سەردانی دیکەشمان دەبێت.
هەفتەی ڕابردوو، شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی سەردانێکی چوار ڕۆژەیان بۆ بەغدای پایتەختی عێراق ئەنجامدا.
لەو سەردانەدا شاندەکەی تەڤگەری ئازادیی لەگەڵ هەریەکە لە ڕەوتی سەدر، ڕەوتی حیکمە، کوتلەی بابیلۆن، کۆنگرەی نیشتمانیی کوردانی فەیلی، سائیبییەکان و ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق کۆبوونەوە.
محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا، بە ڕۆژنیوزی وت: دیدار و سەردانەکانمان سەرکەوتوو بوو لەگەڵ کۆی ئەو هێز و لایەن و کەسایەتییانەی کە سەردانمان کردن، دیدی هاوبەش و خوێندنەوەی هاوبەشمان هەبوو، بۆیە بڕیاری درێژەدان بە پەیوەندییەکانمان دا لە داهاتوودا.
وتیشی: ئێستا عێراق لە هەڵوەشانەوەدایە، کۆمەڵگەی عێراقیش بەگشتیی دووچاری داڕووخانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و بەڕێوەبردن بووە، دەستێوەردانە نێودەوڵەتییەکانیش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر عێراق دروستکردووە، حکومەت و لایەنەکانیش وەک پێویست بەتەنگ خزمەتکردنی خەڵکەوە نەبوون، کە ئەمە جێی ڕەخنەبوو بەلامانەوە، وە بنیادنانەوەی عێراقێکی یەکگرتوویش ئەرکی هەموومانە، لەم ڕوانگەیەشەوە خاڵی هاوبەشمان زۆر هەبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد: پێویستمان بەوە هەیە کە لە پرۆسەیەکی ئاشتیی و پێکەوەژیاندا عێراقێکی بەهێز بنیادبنێینەوە، چونکە بەهۆی سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە و دەمارگیریی ئاینیی و نەتەوەییەوە کۆمەڵگەی عێراقیی تووشی لێکدابڕان بووە.
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی ستایشی ڕۆڵی یوسرا ڕەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی تەڤگەر کرد و وتی: مامۆستا یوسرا ئەستێرەیەکی گەشی ناو ئاسمانی لێڵ و خوماراویی عێراقە، لە زۆر پرسی نیشتمانیی و خزمەتکردنی خەڵکی عێراق و ئاشتی و دیموکراتیی و ڕێگرییکردن لە دەستێوەردانی دەرەکیی ڕۆڵی گەورەی بینیوە، وێنەیەکی جوانی لە شێوازی تێکۆشانی ئێمە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پیشانداوە، تەنانەت لایەنە عێراقییەکانیش ستایشی هەوڵەکانی مامۆستا یوسرایان دەکرد پێیان دەوتین ڕاستە یوسرا ڕەجەب خۆی بەتەنهایە، بەڵام بەرامبەر بە ١٠٠ پەرلەمانتارە.
محەمەد عەبدوڵا وتیشی: لایەنە عێراقییەکانیش سەرنج و تێبینییان هەیە لەسەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، ئەم دەسەڵاتە شەڕ و ململانێ لە بەغدا دەکات، بەڵام شەڕ و ململانێکان لە پێناو هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵکو لەپێناو پلە و پۆست و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بووە، بۆیە لە جێگرەوەی ئەوەدا لایەنە عێراقییەکانیش خۆشحاڵبوون بەوەی کە لەگەڵ مۆدێلێکی نوێی تێکۆشان کۆدەبنەوە، بۆیە سەردانی دیکەمان بۆ بەغدا دەبێت.
ک.س