پەنابەرێکی باکوری کوردستان بە ناوی مەتین ئادوگیت کە لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە لە هەولێر دەستگیر و بێ سەروشوێن کرابوو، لەلایەن پەدەکەوە ڕەتدەکرایەوە کە لە لای ئەوان بێت، بەڵام بە ڕێککەوت خانەوادەکەی مەتین پێیانزانی کە تەرمی مەتین بە مردووی لە ئاسایشیەوە براوەتە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر.
مەتین ئادوگیت کە بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانەکانی پەدەکە لە هەولێر گیانی لەدەستدا، هەتاکوو ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە کە مەتین بۆ دەستگیرکراوە؟ لەسەر چی لێپێچینەوەی لێکراوە؟ بۆچی خانەوادەکەی ئاگادار نەکراونەتەوە؟.
بە پێی وتەی خانەوادەکەی، مەتین لەکاتی دەستگیرکردنیدا نەخۆشی فشاری خوێن، دڵ، شێرپەنجە و کۆرۆنای هەبووە، سەرەڕای ئەمانەش بە بێ هیچ هۆکارێکی ئاشکرا لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر بێسەروشوێن کراوە.
دوابەدوای ئەوەی خانەوادە و پارێزەری مەتین، چەندین جار سەردانی ئاسایش دەکەن پێیان ڕادەگەینریت کە مەتین لە لای ئەوان نییە، بەڵام هەفتەیەک پێش ئێستا ئاسایشی هەولێر پەیوەندی بە پارێزەرەکەی مەتینەوە دەکات و پێی ڕادەگەێنن، کە مەتین بە جەڵتەی دڵ مردووە و تەرمەکەی لە نەخۆشخانەیە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە محەمەد شەریف سوورووچوو کەسی نزیک لە مەتین ئادوگیت بە ڕۆژنیوزی داوە، خانەوادەکەی مەتین بە هەڵکەوت زانیویانە کە تەرمی مەتین لە نەخۆشخانەی ڕزگارییە.
مەحەمەد شەریف لە سەر ئەم ڕووداوە نووسراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە چەند خاڵێکی ورژاندووە و باسی لەوە کردووە کە “چۆن دەبێت کەسێک لە بەر ستەمی دوژمنەکەی هەڵبێت و پەنا بێنێتە لای براکەی خۆی بەڵام ئەو ستەمی گەورەتری لێبکات..!بۆچی؟، ژمارەی شەهیدانی کوردستان لە ژمارەی دانشتوانی گەلێک وڵات زۆرترە کە زۆربەیان بە دەستی ناوخۆەوە شەهید کراون، ئایا ئەمە سەرشۆڕییەکی گەورە نییە؟”.
مەحەمەد لە بەشێکی دیکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە مەتین ئادوگیت باوکی پێنج منداڵ بوو کاتێک لە هەولێر دەستگیری دەکەن و لێی دەپرسن، بۆچی لە کامپی مەخمورەوە هاتووەتە هەولێر، لە وڵامدا دەڵێت بۆ دابینکردنی بژێوی پێنج منداڵەکەی ناچار بووە بڕواتە ئەوێ.
ئەم کەسە نزیکەی مەتین لە نووسینەکەیدا ئەو پرسە دەکات، کە ئایا چارەنووسی مەتین بەسەر منیشدا دێت؟، ئەو خاڵە دەورژێنێت کە چۆن دەبێت کەسێک دوو مانگ دەستگیر بکرێت و خانەوادەکەی ئاگادار نەکرێتەوە؟ پەدەکە لە لێپرسینەوەکانیاندا لەسەر حەوت پشتی کەسەکان زانیاری وەردەگرن، وێڕای ئەمانەش چۆن کەسوکاری مەتینیان ئاگادر نەکردەوە؟ تا دواتر بە هەڵکەوت پێیانزانی کە تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێرە.
مەحەمەد شەریف لە بەردەوامیدا باس لەوە دەکات، کە مەتین و سەرجەم پەنابەرانی کامپی مەخمور لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن و بڕۆنە ئەوروپا، ڕوویان لە باشوری کوردستان کردووە، بەڵام چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەژین تەنانەت زۆربەیان ئیقامەشیان پی نادرێت و وەک بێگانە سەیر دەکرێن.
لە کۆتایی نووسینەکەیدا مەحەمەد شەریف، دوژمنایەتی ناوخۆیی و پارچەکردنی کوردستان لە مێشی خۆماندا بە هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ناو ماڵی کورد پێناسەدەکات و داوا دەکات کە بە یەکێتی کوردان هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بدرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە کەسوکاری مەتین ئادوگیت بە ڕۆژنیوزیان داوە، تەرمی مەتین هێشتا لە نەخۆشانەی ڕزگارییە و پشکنینی پزشکی دادوەری بۆ نەکراوە، دوای کۆتاییهاتنی کاروباری یاسایی ڕۆژی یەکەشممە تەرمەکەی دەبەنەوە بۆ شاری وان لە باکوری کوردستان.
س.ح