پێنجشەممە, 2 أبر 2020 – 13:35 ڕۆژنیوز – سلێمانی
ڕێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان لە ڕۆژی ١٨ مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٠٧ دا، ڕۆژی ٢ی نیسان “مانگی چوار”ی بە ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزم دەستنیشانکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە دوو هەزار ئۆتیزم هەیە و زۆرینەشیان بە هۆی خراپی گوزەرانەوە بێبەشن لە ڕاهێنانەکان.
ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و بەهۆی کێشە لە کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت، کە بریتییە لە تێكچوونی باری گەشەكردنی ئەقڵ و كاریگەری لەسەر مێشک دەبێت لە ڕووی چالاكی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی بە دەوروبەرەوە، هەروەها لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا دەردەکەوێت.
تووشبووانی ئۆتیزم لە قسەكردن تێناگەن یان بە زەحمەت توانای تێگەیشتنی وشەكانیان هەیە و ناتوانن گوێ لەوانیتر بگرن و لە ئاماژەكانی جەستەی بەرامبەر بگەن و كۆنترۆڵی چینەكانی دەنگ و ڕیتمیەكەی بكەن.
دەستنیشانكردنی نەخۆشی ئۆتیزم لە ڕێگەی چاودێریكردنی راستەوخۆی ڕەفتاری ئەو منداڵانەوە دەبێت لەلایەن كەسانی پسپۆڕەوە بەتایبەتیش بەر لەتەمەنی سێ ساڵی و كۆكردنەوەی زیاتر زانیاری لەباری ئەو منداڵانە لەرێگەی دایك و باوك و كەسە نزیكەكانیانەوە.
تەنها لە باشوری کوردستان زیاتر لە دوو هەزار منداڵی ئۆتیزم هەیە، کە جگە لە ناوەندە ئەهلییەکان تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم، سێ سەنتەری حکومی هەیە لە شارەکانی کەرکوک، هەولێر و سلێمانی.
منداڵانی ئۆتیزم، لە تەمەنی ٣-١٠ساڵی، دەبێت هەفتانە بە بەردەوامی سەردانی سەنتەرەکانی ڕاهێنان بکەن و سوود لە ڕاهێنانەکان ببینن و هاوکات لە پاڵ ئەو ڕاهێنانانە دایکوباوکیش دەورێکی سەرەکی هەیە و دەبێت دانەبڕێن لێیان.
ئاراس ڕزگار بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ئۆتیزم لە سلێمانی، تایبەت بە کێشەکانی منداڵانی ئۆتیزم وتی: منداڵانی ئۆتیزم یەکێک لە کێشەکانیان ئەوەیە کە هۆی گواستنەوەیان بۆ دابین نەکراوە و خانەوادەکانیش دەبێت خۆیان خەرجی هاتن و چوونیان بۆ بکەن، لە کاتێکدا زۆرینەیان ئەو توانایەیان نییە و بە لایەنی کەمەوە هەر منداڵێکی ئۆتیزم مانگانە نزیکەی ٢٠٠هەزاری پێویستە و ئەمەش لە توانای زۆر یەک لەو دایک و باوکانە نییە.
بە پێی قسەکانی ئەو بەڕێوبەرە، ڕێژەی ٨٥٪ی خانەوادەکانی منداڵانی ئۆتیزم لە ڕووی دەروونی و ئابوورییەوە، بارودۆخیان خراپە، کە کاریگەری کردووەتە سەر نەهێنانی منداڵان بۆ سەنتەرەکان و تەنانەت پەرتەوازە بوون و لێک جیابوونەوەی دایک و باوکی هێناوەتە کایەوە.
ئاراس ڕزگار وتیشی: بەداخەوە خاوەن پێداویستی تایبەت جیلیکی زۆر پەراوێز خراون و حکومەت بە بیانووی جیاجیا زۆر خەمساردە لە بەرامبەر منداڵانی ئۆتیزم، یاسای ژمارە ٢٢ لە ساڵی ٢٠١١لە ئەم خولەدا تەنیا ٢ پەرلەمانتار قسەی لە سەر کردووە، نەخۆشی کۆرۆنا بڵاو دەبێت و دواتر تەواو دەبێت، بەڵام ئۆتیزم بەردەوامە، ئۆتیزم ڕووی لە زیادبوونە و لە ماوەی دەساڵدا منداڵی ئۆتیزم لە ٤٠ منداڵەوە بووەبە ٣٠٠ منداڵ، تەنیا لە ناو شاری سلێمانی زیادی کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، هیچ رێوڕەسمێکی بۆ بەرێوەنەچوو، کۆمەڵەی ئۆتیزم لە سلێمانی تەنها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوای بە دەمەوە هاتنی حکومەتی کرد بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی ئۆتیزم.
س.ح