مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی کامپی قادییەی ئاوارەکانی کرد لە پارێزگای دهۆک و گوێی لە داواکارایەکانیان گرت، هەروەها سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی برایم خەلیلی کرد و ڕایگەیاند، کە پێویستە پەرە بە کاردکردن بدرێت لە دەروازەکەدا و پلانی حکومەتی عێراق ئەوەیە ئاسانکاریی بۆ کاری بازرگانی بکات.
ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوویەوە.
پاشان سەردانی شاری دهۆکی کرد و لە سەردانەکەیدا بۆ دهۆک کامپی قادییەی بەسەرکردەوە، کە ئاوارەکانی ئێزدی و شاری موسڵی تێدایە و لە نزیکەوە گوێی لە داواکاریی و گرفتەکانیان گرت، بەڵێنیدا هەموو پێداویستییەکی ئاوارەکان جێبەجێبکات.
لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای دهۆک، مستەفا کازمی، سەردانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیکی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی دەروازە سنووریەکە کۆبوویەوە و لەسەر ڕەوتی کارەکانی و ڕێکارە گومرگی و باجەکان و میکانیزمەکانیان لە خاڵە سنووریەکەدا گفتوگۆیان کرد.
کازمی، جەختی لە کاراکردنی کارکردن لەدەروازە سنوورییەکان کردەوە و ڕایگەیاند، کە هەستی بەکەشێکی ئیجابی کردووە لە هەولێر، ئەمەش خزمەت بەوڵات و گەل دەکات .
سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل کردەوە و جەختی کردەوە، کە شاندی هەرێم و بەغدا لە کۆبوونەوەی بەردەوامدان بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی کاریگەر ئەنجام بدەن، یەکێک لەئەولەویەتەکانی کاری ئەم حکومەتە، کارئاسانییە بۆ بازرگانی کردن و لابردنی هەموو کۆسپەکانی بەردەم پێشکەوتنی پرۆسەی بازرگانی، ئەمەش دەبێتە هۆی بەشداریکردن لەپڕۆسەی پێشخستنی ئابووری عێراق و هەمەجۆرکردنی داهاتەکەی
د.ع