میدیای یەکێتی: گەشتی ئاسمانی لەنێوان سلێمانی و تورکیا دەکرێتەوە

پیوکەی میدیا، کە ماڵپەری فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، باسی لەوە کردوە، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا گەشتی ئاسمانی نێوان سلێمانی و تورکیا دەکرێتەوە.


بەشی عەرەبی ماڵپەری PUKmedia کە سەر بە مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتییە، شەوی ڕابردوو هەواڵێکی بڵاوکردوەتەوە و باسی لە هەڵگرتنی گەمارۆی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کردوە.

ماڵپەرەکە باسی لەوە کردوە، کە هەوڵە بەردەوامەکانی یەکێتی و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، وایکردوە کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشتەکانی بۆ تورکیا دەستپێبکاتەوە.

ئەم هەواڵەش دوا ئەوە دێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە سنوری یەکێتی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی و ڕژاک داخران، هەروەها بۆ ماوەیەک سینەما سالم داخرا کە ویستی فیلمێک لەسەر ساکینە جانسز نمایش بکات، ئەو گەنجانەش دەستگیرکران کە کتێبەکانی ئۆجالان و ساکینە جانسزیان دەفرۆشت.

پێدەچێت ئەو ڕێگریانەی یەکێتی لە تێکۆشانی ئازادیی، تورکیای ڕازی کردبێت، کە دەرگای خۆی بە ڕوویی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بکاتەوە.


ک.ک