مێژوونووسێک: جوولەکەکان پێش ١٣٣ ساڵ بازاڕی قەیسەریی کەرکوکیان دروستکردووە

بازاڕی قەیسەریی شاری کەرکوک کە هەفتەی ڕابردوو سوتا، مێژوویەکی دێرینی هەیە و بە وتەی مێژوونووسێک، جوولەکەکان پێش ١٣٣ ساڵ ئەو بازاڕەیان دروستکردووە.


كەركوك وێڕای دەوڵەمەندی بە سامانی نەوت، بە یەکێک لە كۆنترین شارەكانی ناوچەکە هەژماردەكرێت، بازاڕی قەیسەریش لە شوێنەوارە دێرینەکانی شارەکەیە، بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی یونیسکۆ كە لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوكراوەتەوە، ئەو بازاڕە یەكێكە لە چواردە شوێنەوارە هەرە دێرینەكانی جیهان.

بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان، بازاڕی قەیسەریی كەركوك لە ساڵی ١٨٨٥ دروستكراوە، نەخشەسازیی بازاڕەكە بە پێی هەفتە و مانگ و وەرز و ساڵ و کاتژمێرەکانی ڕۆژ دروستكراوە، پێكهاتەكەشی بریتییە لە قایە و بەردی بەهێز و گەچ.

عەبدولستار جەباری شارەزای بواری مێژووی كەركوك، لە بارەی ئەو بازاڕەوە بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد، بازاڕەكە لە لایەن جوولەكانی شاری كەركوك بە هاوبەشی لەگەڵ كوردەكاندا دروستكراوە، وتیشی:"لە ڕابردوودا پێنج هەزار جولەكە لە شاری كەركوك هەبوون، هەموویان كاری بازرگانییان دەكرد لەگەڵ بەشێك لە دەوڵەمەندەكانی ئەم شارە، بازاڕەكە ئەو كات نوسینگەی كڕین و فرۆشتنی بازرگانی بووە، كەلوپەل لە قەیسەریی نەفرۆشراوە، بەڵكو جولەكان لە كۆگاكان و خانەكان كەلوپەلیان فرۆشتووە".

ئەو مێژوونووسە باس لەوەش دەکات دوای دروستكردنی قەیسەریی، جولەكان بە چواردەوری بازاڕەكەدا بەشێوەی بازنەیی خانویان دروستکردووە، هەروەها كۆڵانێکیان هێشتووەتەوە کە پێی دەڵێن تاق، تا ئێستاش ئەو تاقانە ماون، كە وەك بازگەیەكی پشكنین بۆ ئەوەی كەسی خراپ نەتوانێت دزە بكاتە ئەو ناوچەیە، بەکارهاتووە.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکات کە بازاڕی قەیسەریی لە لایەن عوسمانییەکانەوە دروستکرابێت، عەبدولستاری جەباریی، جەختدەکاتەوە بازاڕەكە لە لایەن جولەكانەوە دروستكراوە، دەشڵێت:"بەهیچ شێوەیەك عوسمانەییەكان دروستیان نەكردووە، بەڵام توركمان هەبووە لە شارەكەدا، عوسمانیەكان هەر كات شوێنێكیان داگیردووە، ناوێكی توركییان بەسەر ناوچەكەدا سەپاندووە، ئەمە گوزارشت لە عوسمانیبوون ناكات، ئەم ڕاستییە بەبەڵگەوە سەلمێندراوە، چونكە كۆنترین گۆڕستانی شاری كەركوك، کە ناوی شێخ مێحدینە، تەنانەت گۆڕی یەك تورك یاخود عوسمانیی تێدا نییە".

بازاڕەكە، کە ٣٦٥ دووکان لە خۆدەگرێت، لە چاڵیدا دروست كراوە، بەشێوەیەك پێنج مەتر لە ئاستی زەوی چاڵترە، لە ڕابردوودا بۆ کاری زەڕەنگەریی بەکارهاتووە.

ئەو بازاڕە مێژووییە، لە درەنگانێکی شەوی ٢٨ی مانگی ڕابردوودا، گڕی گرت و بەو هۆیەوە زیاد لە ٣٠٠ دووکان سوتا، تا ئێستا ڕوون نییە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە چی بووە، هەرچەندە سەرەتا باس لەوەکرا بە هۆی شۆرتی کارەباوە بووبێت، بەڵام دواتر ئەوە ڕەتکرایەوە، بۆ بە دواداچوونی ڕاستیی ڕووداوەکەش، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراقەوە پێکهێندراوە.

د.ع