مەبەستی دامەزراندنی پێشمەرگەکانی ڕۆژ نەوتی ڕۆژئاوایە

یەکێک لە فەرماندە پێشووەکانی پێشمەرگەکانی ڕۆژ بەناوی ڕیاز سەلاحەدین، کە ئێستا لەو گروپە جیابووەتەوە، دەڵێت: مەبەستی دامەزراندنی پێشمەرگەکانی ڕۆژ دەست گەیاندن بە نەوتی رۆژئاوایە.


گروپی پێشمەرگەکانی ڕۆژ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-ی عێراق- پ.د.ک و دەوڵەتی تورکەوە بەمەبەستی دژایەتی و لەباربردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دامەزراوە، فەرماندەیەکی پێشوی ئەو پێشمەرگانە هەندێک ڕاستی سەرنجڕاکێش لەبارەی ئەو گروپەوە ئاشکرادەکات.

ڕیاز سەلاحەدین حسێن، خەڵکی شاری قامیشلوی ڕۆژئاوای کوردستانە و لە دەستپێکی دامەزراندنی پێشمەرگەکانی ڕۆژەوە ئەندامی گروپەکە بوو، ڕیاز پاش ئەوەی مەبەستەکانی دامەزراندنی ئەو گروپەی زانیوە لێیان جیابووەتەوە، ئەم بابەتە کورتکراوەیەکی چاوپێکەوتنی ڕیاز سەلاحەدین حسێن لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوارە.

گروپی پێشمەرگەکانی ڕۆژ لە ساڵی ٢٠١٢ دا بە فەرمانی مەسعود بارزانی لەلایەن هەندێک هاوڵاتیی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دامەزرا، ئەو گروپە لەلایەن دەزگای هەواڵگری میتەوە پەروەردەکران، ئەنەکەسەش ئەو هێزە بە هی خۆی دەزانێت، لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش ئەو هێزە سەربەخۆی دەزانێت.

ڕیاز دەڵێت: یەکەم کۆبوونەوەی هێزەکە لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی باشوری کوردستان بوو، ئێمە هەوڵمان ئەوەیە سەربە هیچ حزبێک و بەتایبەت ئەنەکەسە نەبین، بەڵام ئەو داواکارییەمان لەلایەن بەرپرسانی باشوری کوردستانەوە قبوڵ نەکرا، پاش دامەزرانی هێزەکە، دەرگا سنوورییەکانی ڕۆژئاوا بۆ باشوری کوردستان کرانەوە، بۆ ئەوەی گەنجان لە ڕۆژئاواوە بێن و بەشداری ئەو هێزە بن، ئەو کاتانە لەدژی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دەنگۆ و درۆ بڵاودەکرانەوە، بۆ ئەوەی گەنجان واز لەوان بێنن و بەشداری پێشمەرگەکانی ڕۆژبن، بەرپرسانی باشوری کوردستان وایان بانگەشە دەکرد، کە بۆ پێشوازی لە هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا دەرگا سنوورییەکانیان کردووەتەوە، بەڵام ئەوە درۆ بوو، تەنیا بۆ بەشدارکردنی گەنجان لەو هێزەدا ئەنجامدرا.

لە بەردەوامیدا دەڵێت: پاش بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە بۆ هەمووان ئاشکرابوو کە تاکە هێزی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هەر ئەو شەڕڤانانەن، بۆ ئەوەش پارچەبوونێک لەنێوان پێشمەرگەکانی ڕۆژ ڕوویدا.

ڕیاز لە ساڵی ٢٠١٥دا لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کۆبووەتەوە و پێشنیاری کردووە، کە پێشمەرگەکانی ڕۆژ بچنە ڕۆژئاوا و لە ژێر چەتری یەپەگە و یەپەژەدا تێبکۆشن، ئەو پێشنیارە لەلایەن هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە پەسندکراوە و داواش لە هەرێمی کوردستان کراوە کە ئامادەکاری بۆ هاوکاریی یەپەگە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەو ئامادەکارییەیان ڕەتکردووەوە.

پاش ماوەیەک شەش ئەفسەر و ٦٠ ئەندامی پێشمەرگەکانی ڕۆژ بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئەمریکا و یەپەگە دەستگیرکراون، کە ڕیاز سەلاحەدینیش یەکێک بووە لەوان و بۆ ماوەی چوار مانگ لە زیندانی هەولێردا ماوەتەوە.

لەبارەی هێرشی سەر خانەسۆریشەوە دەڵێت: لە ئازاری ٢٠١٧ دا هێزێکی زۆری پێشمەرگەکانی ڕۆژ بەرەو خانەسۆری شەنگال ڕەوانەکران، لەوێ پێشمەرگەکانی ڕۆژ شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشەیان کردە ئامانج، شەڕڤانان وەڵامیان دایەوە، لەو شەڕەدا دەیان پێشمەرگەی ڕۆژ کوژراون، بەڵا 'پ،د،ک' ناوی ئەو پێشمەرگانەی ئاشکرانەکرد، مەبەست لەو هێرشە نەک تەنیا ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ شەنگال بوو، بەڵکو مەبەستی دووەم ئەوە بوو کە شەڕێک لە نێوان یەبەشە و پێشمەرگەکانی ڕۆژدا دروست بکەن، بەڵام ئەو شەڕە ئەنجام نەدرا، ئەو پێشمەرگانەی چەکەکانیان دانا و شەریان نەکرد لەلایەن دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستانەوە دەستگیرکران و هەروەها هەموو ئەو ئەندامانەی کە شەڕیان ڕەتکردەوە بەرەو زیندانەکانی هەولێر ڕاپێچ کران.

ڕیاز سەلاحەدین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: مەبەست لە دامەزراندنی پێشمەرگەکانی ڕۆژ نەک هاوکاریکردنی خەڵکی ڕۆژئاوا، بەڵکو دەست گەیاندن بە نەوتی ڕۆژئاوای کوردستانە، مەبەستیان گەیشتن بە ڕمێڵانە کە ژمارەیەکی زۆر بیری نەوتی لێیە.

س.ح