دکتۆر مەحمود عوسمان هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورک بۆ چیای گارەی باشووری کوردستان بە “چاوەڕوانکراو” دەزانێت و پێیوایە: بابەتەکە پەکەکە نییە بەڵکو باشووری کوردستانە و باشوور زیاتر زەرەرمەندە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی بۆ سەر چیای گارە لە ناوچەی بادینان دەستپێکرد، بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی پاراستنی گەل دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستانەوە هێزەکانی گواستووەتەوە و هێزەکانی گەریلاش بەرپەرچیان داونەتەوە.
دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد ئەو هێرشە بە “چاوەڕوانکراو” ناودەبات و دەڵێت: دەبێت هەمووان داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ئەمریکا بکەن فشار لە تورکیا بکەن و بۆڕاگرتنی ئەو هێرشانە.
پێشیوایە ئامانجی هێرشەکە زیاتر باشووری کوردستانە و دەڵێت: ئەمە هێرشە بۆسەر باشووری کوردستان و عێراق، چونکە ئسنوور و سەروەریی دەبەزێنێت، بۆیە بەبڕوای من بابەتەکە پەکەکە نییە، بابەتەکە زیاتر باشووری کوردستانە و باشوور زیاتر زەرەرمەندە.
بەبۆچوونی د.مەحمود عوسمان، دەوڵەتی تورک باشووری کوردستان وەک بۆشایی ئەمنیی تەماشا دەکەن و دان بە هەرێمی کوردستاندا نانێن، بۆیە بە ماڵی خۆی دەزانێت و لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکات.
داواش لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە ببنەوە و دەڵێت: لایەنە سیاسییەکان دەبێت یەکگرتووبن و دژی ئەو هێرشانە بن و داوای ئاشتی بکەن، لە هەمان کاتدا لەگەڵ پەکەکەش قسەبکەن بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لەگەڵ پارتیدا هەیە بە ئاشتی چارەسەربکرێت.
ش.ف