چوؤرشەممە, 12 سبت 2018 – 07:50 ڕۆژنیوز – سەمیرا شەهابی
ناکۆکییە نێوخۆییەکان و دابەشبوونى نێوماڵى شیعە و دەستێوەردانەکانى ئێران و ئەمریکا، پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق-ى ئەستەمکردووە، لایەن و پێکهاتەکانى عێراق لە هەوڵى بەدەستهێنانى دەسەڵاتدان لە حکومەتى نوێدا، بە ئومێدى بەدەستهێنانى مافەکانیان و چارەسەرکردنى کێشەکانى عێراق، لەوبارەیەوە دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار و چاودێرى سیاسى بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
دکتۆر مەحمود عوسمان دەڵێت، کە ئێستا پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق ئاسانتر بووە و دەربارەی هۆکارەکەشی وتی:”لەبەر ئەوەى موقتەدا سەدر کە پێشتر پشتگیرى حەیدەر عەبادى دەکرد بۆ بەدەستهێنانەوەى پۆستى سەرۆک وەزیران، ئێستا دەڵێت دەست لەکار بکێشێتەوە، بۆیە دووبەرەیى لە ناو شیعەدا نەماوە و پێدەچێت بەم زووانە لەسەر حکومەتى نوێى عێراق ڕێک بکەون”.
ناوبراو پێى وایە، کە پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق واتاى چارەسەرکردنى کێشەکان نییە و دەشڵێت:”لە ڕابردوودا حکومەت دروست بووە و کێشەکانیش چارەسەر نەبووە، لەبەر ئەوە ئەم حکومەتەش کێشەکانى پێ چارەسەر ناکرێت، کێشە لە عێراقدا زۆرن و کێشەى ١٥ ساڵ کۆبووەتەوە، دەبێت هەموو لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە و دژى گەندەڵى کار بکەن و هەوڵى چارەسەرى کێشەکان بدەن، بەڵام بەم شێوەیەى ئێستا هیوایەکى زۆرم نییە بۆ ئەوەى کێشەکان چارەسەر ببن”.
س.ح