مەحمود ڕەزا: حزبە دەسەڵاتدارەکان بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ ڕژێمەکان هەیە

مەحمود ڕەزا ئەمین، نووسەر و پەرلەمانتاری پیشووی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، کە پارتی و یەکێتی بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ ئەو ڕژێمانەدا هەیە، کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە و بۆیە "ناتوانن ڕۆڵبگێڕن لە چارەسەرکردنی پرسی کورد-دا"، دەشڵێت: فشۆڵیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان وایکردووە، کە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگبن.


یەکێک لەو خاڵانەی کە ڕۆژی ٣ی ئازار-ی ٢٠١٩ یەکێتیی و پارتیی لەسەری ڕێککەوتوون، بریتییە لەوە "هه‌ردوولا پابه‌ند ده‌بن به‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ر هه‌رسێ ئاستی عێراق و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، هاوكات هه‌ردوولا دیدگای هاوبه‌شیان ده‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌ورووبه‌ر و چاره‌سه‌ركردنی ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ئه‌مه‌ش به‌ رێزگرتن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و دراوسێیه‌تی هاوبه‌ش".

لەبارەی ئەوەی کە ئایا تاچەند ئەم دوو حزبە ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان گێڕاوە و هەروەها بۆچی بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگن، مەحمود ڕەزا ئەمین، نووسەر و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

مەحمود ڕەزا ئەمین، ئاماژە بەوە دەکات، کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان "دابەشبوون بەسەر تەوەری جیاوازدا لە ناوچەکە، لەبەر ئەوە هێنانەدیی ئەو جۆرە بەڵێنانە زۆر زەحمەتە و تەنها جۆرێکە لە چەواشەکردنی گەل، چونکە ئەوان بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ ئەو ڕژێمانەدا هەیە، کە گەلەکەی ئێمەیان بەسەردا دابەشکراوە و دەیانچەوسێننەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک چاوەڕوانکراو نییە لەکاتێکدا ئەمان بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ ڕژێمەکاندا هەبێت، کار بۆ چارەسەریی پرسی کورد بکەن".

لەبارەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ، مەحمود ڕەزا دەڵێت: ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا هەیە، پەیوەندییەکی نابەرابەرە و هاوتەریب نییە، ئەم حزبانەی کە حکومڕانیی هەرێمی کوردستان دەکەن، لاوازترن لەوەی بتوانن ڕۆڵی ئەرێنیی بگێڕێن لە چارەسەرکردنی پرس-ی کورد-دا، بەڵکو لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە ڕۆڵیان پێدەسپێدرێت و دەبێت جێبەجێی بکەن.

ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بە هێنانی سوپای تورک دەکات لەسەر دەستی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و دەڵێت: لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، یەکێتی و پارتی خۆیان بە سوپاسگوزارییەوە هێزەکانی تورکیایان هێنا بۆ هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانیش هاتنی ئەو هێزانەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی قۆستەوە، ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بە پارێزگای موسڵیشەوە، نزیکەی ٣٠ سەربازگەی هەیە.

لە بارەی بێ هەڵوێستیی حزب و لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرامبەر ئەو داگیرکارییانەی، کە ئێستا دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان بەڕێوەی دەبات، مەحمود ڕەزا ئەمین دەڵێت: پێموایە یەکێک لەو بەڵێنانەی کە یەکێتی لە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە تورکیای داوە، بێدەنگبوونییەتی بەرامبەر ئۆپەراسیۆن و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ڕێگانەدانە بە جموجوڵەکانی پەکەکە.

ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، داگیرکارییەکانی سوپای تورک لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ "لاوازیی و فشۆڵیی" دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە، و دەشڵێت: هێزێکی ڕێکخراویی نیشتمانییمان نییە تاوەکو سنووری نیشتمان بپارێزن، ئەم حزبانەی کە ٢٨ ساڵە حکومڕانیی باشوری کوردستان دەکەن، میلیشیای تایبەتی خۆیان هەیە، میلیشیاش گوێڕایەڵی حزبەکەی خۆیەتی و پابەندیی نیشتمانیی نییە، ئەمەش وادەکات کە دەبنە ڕێنوێنیکەری سوپای داگیرکەری بۆ سەر خاکەکەی خۆمان.

س.ح