مەخمور، سیمینارێک لەسەر گەلەکۆمەى نێودەوڵەتى ٩ى ئۆکتۆبەر پێشکەشکرا

لە مەخمور سیمینارێک لەسەر گەلەکۆمەى نێودەوڵەتى ٩ى ئۆکتۆبەر دژى عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە، پێشکەشکرا، کە تێیدا ئاماژە بەوەکرا، کە پێویستە یەکێتى نەتەوەیى کورد پێک بێت، چونکە تەنها بەو شێوەیە پیلانگێڕى نێودەوڵەتى دژى کورد پوچەڵدەکرێتەوە.


کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکى پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە بارەگاى بزوتنەوەی گۆڕان، لە شارۆچکەى مەخمورى سەر بە پارێزگاى موسڵ، سیمینارێک لە بارەى گەلەکۆمەى نێودەوڵەتى ٩ى ئۆکتۆبەر، دژ بە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە، پێشکەشکرا.

سیمینارەکە لەلایەن وەهاب ئەحمەد، ئەندامى دەستەى بەڕێوبەرى تەڤگەرى ئازادى، پێشکەشکرا، کە تێیدا وتى:"دەوڵەتانى سەرمایەدارى لە فکر و بیرى عەبدوڵا ئۆجالان ترساون، لەبەر ئەوە گەلەکۆمەیەکى نێودەوڵەتییان لەدژى پێکهێنا، لەبەر ئەوەى ئۆجالان، خاوەنى تێزى چارەسەریى بوو بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوڕاست و جیهان، ئەوەش پڕۆژەکانى ئەوانى تێکدەدا، بۆیە کەوتنە داڕشتنى پیلان لە دژى".

ناوبراو لە کۆتایدا، ئاماژەى بە گرنگى یەکێتى نەتەوەیى کورد کرد و وتى:" تەنها بە یەکێتى نەتەوەیى کورد دەتوانین پیلانگێڕى نێودەوڵەتى لە دژى گەلى کورد پوچەڵ بکەینەوە، بۆیە پێویستە پارتە سیاسییەکانى کوردستان بێنە لاى یەک و یەکێتى خۆیان ئاوا بکەن.

د.ع