لە کاتێکدا زیاتر لە ساڵێکە گەمارۆ خراوەتەسەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور و لە ڕۆژی جیهانیی ئاشتی نزیک دەبینەوە، هاوڵاتیانی کامپەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و ڕایدەگەینن: لە ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا ناحەقییەکی گەورەمان لێدەکرێت.
هاوڵاتییەک بەناوی عایشە یڵدز دوای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی ئاشتی وتی: ئەم ڕۆژە ناوی ئاشتییە، بەڵام ئێمە تا ئێستا ئاشتیمان نەبینیوە، لە باکور پارێزە ئەبرو تیمتیک لە ئەنجامی مانگرتن لەخواردن گیانی لەدەستدا، چونکە مافێ مرۆڤ ڕەچاو ناکرێت، پارێزەر، پەرلەمانتار و نووسەر هەموو خراونەتە زیندان، ئاشتی و مافی مرۆڤ لە کوێیە؟ ساڵێکە گەمارۆ خراوەتەسەر کامپی مەخمور، دایک منداڵی لەبار چووە، نەخۆشمان هەیە و کرێکارەکانمان کارەکانیان لەدەستداوە، ئاشتی هەر بۆ ئێمە نییە؟ لە ڕۆژی جیهانیی ئاشتیدا ئێمە لەژێر گەمارۆ داین، بۆ ئەوەی ئاشتی مسۆگەر بێت، پێویستە گەلی کورد یەکبگرێتەوە.
هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی سدیق کارا وتی: واتای وشەی ئاشتی لەگەڵ کردەوەیدا، بۆ گەلی کورد و گەلانی بندەست جیاوازە، بۆ ئێمە پیرۆزە، بەڵام بە داخەوە ئەم ڕۆژەش کەوتووەتە خزمەتی دەسەڵاتدارەکان، ئێمە هەمیشە بەدوای ئاشتی و یەکسانین، بەڵام تا ئێستا نەمانبینیوە، لەم ڕۆژەدا ناحەقییەکی گەرە بەرامبەر خەڵکی مەخمور دەکرێت، چونکە ئەم خەڵکە بەهۆی زۆڵمی دوژمنەوە ئاوارەبوون و بەدوای ئاشتیدا گەڕان، بەڵام ئەمە زیاتر لە ساڵێکە لەژێر گەمارۆ داین، داوامان ئەوەیە لەم ڕۆژەدا ئەوانەی بانگەشەی ئاشتی دەکەن سەیرێکی دۆخی ئێمەش بکەن.
ب.ک