ئەمرۆ ئەنجومەنی خۆبەڕیوبەری دیموکراتی شەنگال- مەخەدەشە، بەبونەی ڕۆژی جیهانی ئاشتیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێدا ڕایگەیاند: لە کوێ ئاشتی هەبێت دەوڵەتی تورک هێرشی دەکاتەسەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەکاتێکدا ئەم پەیامە بڵاو دەکەینەوە، کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی عێراق و سوریا لەناو ئێش و ئازاردان و بە بەرچاوی جیهانەوە بوونەتە جێی کوشتن و ماڵوێرانی، وەکچون لە ساڵانی ڕابردوو خەڵکی شەنگال و کۆمەڵگای ئێزدی بەشێکی بەنرخی کۆمەڵگاکەی لە ژن، منداڵ، پیر و گەنجی، لە پێناو ئاشتی لەدەستدا، لە جیهان دەپرسین، لەبەرامبەر ئەم پێشلکاریانە، کوا دەنگنتان؟
لە بەردەوامی هاتووە: کۆمەڵگای ئاشتیخوازی ئێزدی کە هەگیز بە ئاشتی شاد نەبووەتەوە، لە سەدەی ٢١ـدا تووشی دڕندایەتییەکی هەرە گەورە هات، خەڵکەکامان بۆ ئەوەی لە ئاشتی و ئارامیدا بژین، دەستیان بە خۆبەڕێکخستنکردن کرد.
هەروەها هاتووە: بەڵام بەداخەوە ئاشتی و ئارامی لە شەنگال بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتانی سەردەستی دژە ئاشتی لە سەرویانەوە دەوڵەتی تورک، کە دەیەوێت شەڕەکەی لە باکوری کوردستانەوە بگوازێتەوە بۆ شەنگال و پێکهاتەکانی ناوچەکە بکاتە ئامانج، لە هەر شوێنێک ئاشتی هەبێت هێرشی دەکاتە سەر و ئەو ڕۆڵانەی کە بۆ ئاشتی و ئارامی خۆیان بەڕیکخستن دەکەن، دەکاتە ئامانج.
لە کۆتاییش داوا لە گەلانی ناوچەکە کراوە کە پێکەوە بۆ ئاشتی هەستن و هاتووە: زۆر لایەن هەن کە ئاشتییان ناوێت، ئەمڕۆ وەک خەڵکی شەنگال ئەرکە لەسەرمان بە هەموو پێکهاتەکانەوە، ڕووبەڕووی زۆڵم ببنەوە و ئاشتی سەربخەین، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆسەر خاک و خۆبەڕێکخستن پێکدێت، گەڕانەوە دەتوانێت ئارامیی و یەکسانی بەدیبێنێت، کەس ئەمەمان بۆ ناکات، پێویستە خۆمان بۆ ئاشتی هەنگاو بنێن.
ب.ک