مەراسیمی بەخشینی پێنجەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەڕێوەچوو

لە پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی-دا، پێنجەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەخشرایە سەردار محەمەد ڕۆژنامەنوس.


لە درێژەی چالاکییەکانی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانیدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی سنورەکە و شار و شارۆچکەکانی دیکە، لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مەراسیمێک بۆ بەخشینی پێنجەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی بەڕێوەچوو.

سەرەتا وتاری مەراسیم لەلایەن دڵشاد ئەنوەر ڕۆژنامەنوس، هاوڕێ و هاوپیشەی کاوە گەرمیانی خوێنرایەوە، دواتر وتاری سەنتەری میترۆ و میدیای ئەهلی و خانەوادەی کاوە گەرمیانی و چەندین وتار و پەیامی دیکە پێشکەش کران لەلایەن ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانەوە، لە تەواوی وتارەکاندا ئەماژە بەوە کرا کە دەبێت دەستی پشت تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئاشکرا بکرێت.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا پێنجەمین خەڵاتی کاوە گەرمیانی کە ساڵانە لەلایەن ڕادیۆی دەنگەوە ئامادەدەکرێت و هەموو ساڵێک لە یادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی-دا، لەسەر پێوەری ئەزموون و کارکردن و تێکۆشان لە پێناو خستنەڕووی ڕاستییەکان و پێشخستنی میدیای ئازاددا دەبەخشرێته ڕۆژنامەنوسێک.

ئەمساڵ ئەو خەڵاتە بەخشرایە سەردار محەمەد ڕۆژنامەنوس لە شاری سلێمانی، کە نزیکەی ۲۰ساڵ ئەزموون و خزمەتی هەیە لە کاری ڕۆژنامەوانی و پێشخستنی میدیای ئەهلی و ئازاد دا و لە ئێستاشدا سەرنوسەری وێب سایتی ئاوێنه نیوزه، کە میدیایەکی سەربەخۆ و بێلایەنە.

ک.ک