دووشەممە, 17 ديس 2018 – 11:32 ڕۆژنیوز – كەركوك
كاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ لە خوێندنگای بڵێسە-ی سەرەتایی لە شاری کەرکوک یادی رۆژی ئاڵای هەرێمی كوردستان كرایەوە و تێیدا چەند چالاكیەك نمایشكران، لە خوێندنگا کوردییەکانی دیکەش ئاڵا بەرزکرایەوە.
مەراسیمەكەی خوێندنگای بڵێسە، سەرەتا بە هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان و وتنەوەی سرودی ئەی رەقیب دەستیپێکرد، دواتریش وتاری بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی كەركوك و یەكێتی مامۆستایان و یەكەی سەرپەرشتیاریی لەلایەن لێپرسراونی ئەو بەو بەشانەوە خوێندرانەوە، پاشان بەرێوبەرایەتی خوێندنگای بڵێسە وتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگیی ئاڵایان بۆ گەل کرد.
مەراسیمەکە بە چالاكیی نمایشی ئاڵا و خوێندنەوەی شیعری نیشتیمانی و وتنەوەی سرود كۆتایی هات.
گەرچی ساڵانی پێش ریفراندۆم و ١٦ی تشرینی یەکەم (ئۆكتۆبەر) لە شاری كەركوك ئاڵای هەرێمی كوردستان لەوشوێنە گشتییەكان و سەرقەڵا بەشێوەی فراوان بەرزدەکرایەوە و مەراسیم بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەمساڵ هەڵكردنی ئاڵا و یادی رۆژی ئاڵا لە ناوەندەكانی خوێندنی كوردی لە كەركوك ئەنجامدرا.
لەساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی ئاڵا دیاری بکرێت و لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاکانی سەر دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بکرێنەوە، ھۆکاری دانانی ئەم ڕۆژەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ ئاڵای کۆماری کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆمار ھەڵکرا.
https://youtu.be/36KpmIFl3kE=
ش.ف