مەرزی حاجی ئۆمەران بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە

دوای چوار ڕۆژ لە داخرانی، مەرزی حاجی ئۆمەران بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە.


دوای ئەوەی ئێوارەی ١٦ ئەم مانگە بەهۆی زۆریی ڕێژەی بەفربارینەوە مەرزی حجی ئۆمەران لە سنووری شارۆچکەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر داخرا، ئەمڕۆ مەرزەکە بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە.

سەبارەت بە هاتووچۆی بازرگانییش، سیروان هەفدەنکی، وتەبێژی کۆمەڵگەی گومرگیی حاجی ئۆمەران بە ڕۆژنیوزی وت: تاکو ئێستا مەرزەکە بەڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکاندا نەکراوەتەوە، چونکە ڕێگاکان زۆر سەختن و بەفری زۆری تێدایە، کە گەشتیارانیش بە ئاستەم دەتوانن بپەڕنەوە.

وتیشی: لەگەڵ تیمەکانی پاککردنەوە چەند ڕۆژێکە سەرقاڵی پاککردنەوەی گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕی و ڕێگاکانی هاتووچۆین، بۆ ئەوەی مەرزەکە بۆ هاتووچۆی بازرگانیی بکرێتەوە، بەڵام بارینی بەفری زۆر و بەردەوام، کارەکانی ئاستەنگ کردووین.

مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران هەرێمی کوردستان بە ڕۆهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە دەبەستێتەوە.

 

ش.ف