مەزن جەمیلە، ئەو خوێندکارە گەنجە کیتۆخوازەی، بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیر کرا، چیرۆکی ڕۆژانی زیندانی کردنی لە ئاسایشی گشتی هەولێر، دەگێڕێتەوە و دەڵێت: زیندانەکە پڕبووە لەخەڵکی دەستگیرکراو کە بەشێکیان بێتاوانن و “بەهۆی قەرەباڵغی زیندانەکەشەوە ئەو ماوەیەی لە زینداندا بووم لەسەرلا خەوتووم”.
مەزن هەیاس ناسراو بە (مەزن جەمیلە)، کە ئێستا خوێندکاری قۆناغی پێنجی پزیشکییە و هاوکات لە ڕێگەی گروپێکی فەیسبوکەوە سەرقاڵی بڵاو کردنەوەی هۆشیاریی و پەرەپێدانی سیستەمی “کیتۆ”یە کە سیستەمێکی خۆراکی تایبەتە و یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێش و دەیان هەزار کەس لەڕێگەی گروپەکەوە پەیڕەوی ئەو سیستەمە خۆراکییەبوون.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو دوای یەک ڕۆژ لە کردنەوەی ڕێستورانتەکەی لە شاری هەولێر، مەزن لە لایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان – پەدەکە، دەستگیر کراو دوای ١٣ ڕۆژ مانەوەی لە زیندان چەند ڕۆژێک بەر لەئێستا سەربەستکرا، مەزن جەمیلە، دەربارەی هۆکاری دەستگیرکردنی و دۆخی زیندانەکانی ئاسایشی پەدەکە بۆڕۆژنیوز قسەیکرد.
لەسەرەتای قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە دوای دەستگیرکردنی دوو شەو لە ئاسایشی هەولێر ماوەتەوە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر، ئەوەشی خستەڕوو کە دۆخی خۆی و زیندانییەکانی دیکە لەناو زینداندا خراپ بووە و بەهۆی قەرەباڵغی
زیندانیەکەش و نەبوونی شوێنەوە لەسەرلا خەوتوە و تەنانەت شوێنی نەبووە قاچی ڕابكێشێت، چونکە ئەو هۆڵەی منی تێدا بووم خۆی شوێنی ٣٠ بۆ ٤٠ زیندان بوو بەڵام زیاتر ١٠٠ کەس لەو شوێنەدابوو.
مەزن، کە ئاسایشی پەدەکە هەر پاش دەستگیرکردنی قژیان بۆ بڕیوە و سەریان بۆ سفر کردووە لە بارەی خراپی دۆخی زیندانەکەوە زیاتر قسەیکرد و وتی: بەشێک لەو کەسانەی ئێستا لە زیندانی پەدەکەدان، کەسانی باشن و بەبێ تاوان دەستگیر کراون، بەڵام تێکەڵ بە کەسانێک دەکرێن، کە کەسانی خراپ و بەکارهێنەر و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، تەنانەت ئەو کەسە خراپانە کراونەتە چاودێر و بەرپرسی زیندانییەکان.
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی مەزن، وتی: “بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێم” دەستگیرکراوم، بەڵام دادگا بێتاوانی سەلماندم و ئازادی کردم”، جەختیشیکردەوە کە دەسەڵات ناتوانێت بە زیندانیکردن و چاوسورکردنەوە ڕێگا لە چالاکییەکانی خەڵک بگرێت و بێدەنگیان بکات.
مەزن جەمیلە، باسی لەوەشکرد کە دوای ئەوەی ئازادكراوە ئێستا لەڕێستۆرانتەكەی دەستی بەكاركردن كردوەتەوە.
جگە لەو گەنجە خوێندکارە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی پەدەکە، لە سنووری پارێزگای هەولێر و بادینان، دەیان چالاکوانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسیان دەستگیر کردووە، کە بەشێکیان هێشتا لەناو زیندانەکانی پەدەکەدا ماون و ئازاد نەکراون.
ک.س