مەسرور بارزانی: داعش بەتەواویی تێکنەشکێندراوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هێرشەکەی سەر کوڵەجۆ نیشانی دەدات، کە داعش هێشتا بەتەواوەتیی تێکنەشکێندراوە.


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی چەتەکانی داعش بۆسەر گوندی کوڵەجۆی ناوچەی گەرمیان، کە بووەهۆی شەهیدبوونی بەڕێوبەر و دوو کارمەندی ئاسایشی کۆکس و برینداربوونی حەوت کەسی دیکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:"بەداخەوە دوێنی شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی کوڵەجۆی سەر بە کفری ، بەڕێوەبەر و دوو کارمەندی ئاسایش شەهیدبوون و چەند کارمەندێکیش بریندار بوون".

بارزانی، پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکات و هیوا دەخوازێت خوای مەزن بە بەهەشتیان شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"ئەم هێرشەی تیرۆریستانی داعش، نیشانی دەدات کە ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە هێشتا بە تەواوی تێکنەشکێنراوە و، ئێمەش لەمبارەوە چەندین جار هوشداریمان داوە. بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و  کارکردن لە پێناو نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدان و چالاکبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان".

ش.ف