مەسەدە، حکومەتی سوریا و ڕوسیا بە بەرپرسیاری داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەزانێت و هاوڵاتیانی عەفرین دڵنیا دەکاتەوە، “یەکەمین خەباتمان ئەوەیە، عەفرین ڕزگار بکەین”.
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات(مەسەدە)، لە سێیەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر بەرخۆدانی ٥٨ ڕۆژەی خەڵکی عەفرین و شەڕڤانان لە دژی پێشکەوتووترین چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و ئەوەش هاتووە”لەو کاتەوە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی عەفرینیان داگیرکردووە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن، ٣٠٠ هەزار کەس لە هاووڵاتیانی عەفرین لەسەر خاک و ماڵ و حاڵی خۆیاندا کۆچبەر بوون. لە شوێنی ئەواندا بنەماڵەی چەتەکانیان نیشتەجێ کرد تاوەکو دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن”.
مەسەدە، حکومەتی سوریا و ڕوسیا بە بەرپرسیاری داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەزانێت و دەڵێت”ئێمە هاوڵاتیانی عەفرین دڵنیا دەکەینەوە، کە یەکەمین خەباتمان ئەوەیە، عەفرین ڕزگار بکەین تاوەکو هاوڵاتیانی بە ئارامی و ئاسایشەوە بگەڕێنەوە و دیمەکانی بە تورککردنی سوریا لە ناو ببەین”.
مەسەدە، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە کۆمیتەیەکی تایبەت دروست بکات بۆ تۆمارکردن و بە دیکۆمێنتکردنی راستییەکان و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین و ئەو دیکۆمێنت و راستییانە پێشکەشی دادگا بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە”ئێمە ڕای گشتیی سوریا دڵنیا دەکەینەوە، کە دۆزی عەفرین تەنها لە ئەستۆی کەسێکدا نییە، بەڵکو دۆزی عەفرین دۆزێکی نیشتمانییە و ئەرکی ڕزگارکردنی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو سورییەکان. لەلایەکی ترەوە داگیرکردنی خاکی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە قەیرانەکانی قوڵتر کردەوە و گاریگەرییەکی زۆر گەورەی خراپی لەسەر فرەڕەنگی و وێنای نیشتمانیی سوریا دروستکرد”.
لە کۆتاییشدا ڕایدەگەیەنن”چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، لە ڕێگەی یەکگرتوویی سورییەکان و یەکخستنی هێزەکانیان لە دژی داگیرکاریی، تیرۆر و دەستپۆتی (ملهوڕی) دەبێت، تاوەکو سوریایەکی دیموکراتیک، فرەڕەنگ و نا ناوەندی بونیات بنێین”.
ش.ف