سێشەممە, 11 سبت 2018 – 15:19 ڕۆژنیوز – شۆڕش بەنەک
گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە تا دەچێت قورستردەێت، زیاتر لە شەش ساڵە ڕێگا نەدراوەتە پارێزەرەکانی سەردانی بکەن و خانەوادەکەشی زیاتر لە دوو ساڵە نەیانتوانیوە بچنە ئیمرالی، ئەمەش کاردانەوەی چین و توێژە جیاوازەکانی لێکەوتووتەوە، لەو بارەیەوە مەلا سامان سامان سەنگاوی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
مەلا سامان دەڵێت: گۆشەگیرکردنی ئۆجالان نامرۆییە، دەوڵەتی تورک چۆن لە ڕووی فیزیکییەوە ئۆجالانی بەندکردووە، دەیەوێت هزرەکەشی بەند بکات، ئەوەش واتای دیکتاتۆرییە، گەلی کورد و هەموو گەلانی بندەست پێویستییان بە هزری ئۆجالان هەیە، چونکە ئۆجالان لە هەموو بوارەکاندا بیری کردووەتەوە ونووسیویەتی، لە بارەی گەنجان، ژنان، وڵات و زۆر بابەتی دیکەی نووە، ئەو هزر و ئەندێشەیەی لای ئۆجالان هەیە لای هیچ سەرکردەیەکی دیکە نەبووە، نیوەی پێشەنگە کوردەکان لە ئێستادا لە ڕووی هزرییەوە بەتاڵن.
سەنگاوی لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: سەرکردەکانی ئێستای کورد ئەوەندەی بیر لە گیرفانیان دەکەنەوە، بیر لە وڵات و گەلەکەیان ناکەنەوە، لە ئێستادا تەنیا یەک هزر هەیە کە دەیەوێت گەلی کورد ئازادبکات، ئەویش هزری ئۆجالانە، یەکسانی ژن و پیاو لە بنەماکانی هزری ئۆجالانە، وەکچۆن دەبینین لە چیا ئازادەکانی کوردستان ژن و پیاو بەیەکسانی تێدەکۆشن، ئەگەر ئێستا ئۆجالان لەناوماندا بایە دۆخەکەمان زۆر دەگۆڕا، ئۆجالان تاکە ڕێبەری کوردە کە بۆ گەلەکەی باجی قورسی داوە، کوردستان بە هزری ئۆجالان دەبێتە خاوەنی داهاتوویەکی ئازاد.
لەکۆتایی قسەکانیدا ئەو مامۆستا ئاینییە، وتی: گەلی کورد زۆر خەمساردن بەرامبەر بە گۆشەگیرکردنی ئۆجالان، پێویستە شە و ڕۆژ چالاکی بکەن، دەبێت مامۆستا ئاینییەکان لە مزگەوتەکانەوە بانگەوازیی بۆ ئازادیی بکەن، چونکە هەرگیز یەکێکی وەک ئۆجالان بۆ کورد نایەتەوە، نەمانی ئۆجالان، نەمانی گەلی کوردە، بۆیە دەبێت بە هەموو هێزمانەوە لە مزگەوتەکان باس لە هزری ئۆجالان بکەین.
https://youtu.be/IICsnRhPm48?=
س.ح