نابینایان جیاواز یادی ئەنفال دەکەنەوە

لەچوارچێوەی مەراسیمەکانی تایبەت بە یادی ئەنفال، یەکێتی نابینایان بەشێوەیەکی جیاواز و بە مەراسۆنێک ئەو یادەیان کردەوە.


ئەمڕۆ لە پارکی  هەواری شار لە شاری سلێمانی، یەکێتی نابینایانی کوردستان بە سەرپەرشتیی یەکەی سەرپەرشتیاریی پەروەردەی ڕۆژهەڵات، مەراسۆنێکیان بە بۆنەی ٣١ـمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالەوە ئەنجامدا.

ئامادەکاریی پێش وەختە بۆ سەلامەتیی نابینایان کرابوو، ڕێگا بە تێپەڕبوونی هیچ ئۆتۆمبێلێک لەو شوێنە نەدرا لەکاتی ماراسۆنەکەدا.

لە ماراسۆنەکەدا ٢٠ نابینا بەشدارییان کرد و لەلایەن ٢٠ مامۆستای یەکەی سەرپەرشیارییەوە، سەرپەرشتیی کران، وەرزشوانان مەودای ١٠٠٠ مەتریان بڕی.

بەگنجێکی نابینا بە ناوی محەمەد ئەحمەد، کە یەکەم جاری بوو کە بەشداریی ماراسۆنێکی لەو جۆرە بکات، توانی ببێتە براوەی ماراسۆنەکە.

بەشداربوان باوەڕی تەواویان بە خۆیان هەبوو، کە ئەوانیش وەک کەسێکی ئاسایی بەشداریی چالاکیی جۆراو جۆر بکەن، داواشیان کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارییان بکەن، تا ئەوانیش توانا و لێهاتوویی خۆیان نیشان بدەن.

لە کۆتایی ماراسۆنەکەدا خەڵات دابەشکرا بە سەر هەریەکە لە یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەمدا و مەدالیاش بەخشرایە هەموو باشداربوان.

ش.ف