ناسر ڕەزازی: گەرەنتی سەرکەوتنمان یەکگرتنە

ناسر ڕەزازی، ڕایدەگەیەنێت: هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هێرشە بۆ سەر ئازادیی و دیموکراسیی، بۆیە تەنیا شتێک کە دەبێتە گەرەنتی سەرکەوتنمان یەکگرتوویی حزبەکان و خۆمانە.


هونەرمەندی گۆرانیبێژ ناسر ڕەزازی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، هەڵوێستی خۆی دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشاندا.

ناسر ڕەزازی، بانگ لە "خەڵکی ستەم لێکراوی کورد لەناوەوە و دەرەوەی وڵات"، دەکات و دەڵێت: هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هێرشە بۆ سەر ئازادیی و دیموکراسیی، هێرشە بۆ سەر پاراستنی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکی بندەست، کە ساڵەهای ساڵە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆی تێدەکۆشێت.

هونەرمەند ناسر ڕەزازی دەشڵێت: تکایە و دەبێت ئەم هێرشە دڕندانەی دەوڵەتی تورک ئیدانە بکەین و تەنیا شتێکیش کە دەبێتە گەرەنتی سەرکەوتنی ئێمەی کورد یەکگرتوویی خۆمان و حزبەکانمانە.

ش.ف