ئاژانسی فورات نیوز سیناریۆکانی پەدەکە بۆ دروستکردنی ئاژاوەگێڕیی و گۆڕینی ئاڕاستەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شەنگال دژی هێرشەکانی عێراق ئاشکرا دەکات، هاوکات ناوی بەشێک لەو کەسانەش ئاشکرا دەکات، کە سەر بە پەدەکەن و هەوڵی دروستکردنی ئاژاوەگێڕیی دەدەن لە شەنگال.
ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە پەدەکە لە شەنگال هەوڵدەدات بەرخۆدانی خەڵک دژی سوپای عێراق پێچەوانە بکاتەوە و ئامانجی سەرەکیی چالاکییەکان بگۆڕێت، بۆ ئەوەش زۆر کەس کە سەر بە پەدەکەن و بەشێکیان پێشمەرگەی پەدەکەن، لەنێو چالاکواناندا جێگیرکراون بۆ ئەوەی ئاڕاستەی چالاکییەکان بە ئاڕاستەی دژایەتییکردنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و هێزەکانی پاراستنی شەنگال بگۆڕن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی ١٧ی پەدەکە لە شەنگال، بە تەلەفۆن دوای لە سەرۆک هۆزەکانی نزیک لە پەدەکە کردووە، کە خەڵک لەدژی هێزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان هان بدەن، جگەلەوەش پەدەکە ژمارەیەک کەسی لایەنگری خۆی لەنێر چالاکواناندا جێگیرکردووە و دەیەوێت ئاڵۆزیی لەنێو چالاکواناندا دروست بکات.
فورات نیوز ناوی بەشێک لەو کەسانەی بڵاوکردووەتەوە، کە سەر بە پەدەکەن و هەوڵی دروستکردنی ئاژاوەگێڕیی دەدەن لە شەنگال، کە بەمشێوەیەیە؛
* جەمیل سلێمان، ئەندامی ماڵی ئێزدییان کە خۆی وەک دەزگایەکی سەربەخۆ بۆ مافی ئێزدییان دەناسێنێت و لە بنەڕەتدا سەر بە پەدەکەیە، یەکێکە لەو کەسانەی پێشەنگایەتیی بۆ چالاکی گەنجان لە سنونێ دەکات، ٨ی ئایاری ئەمساڵ لەگەڵ شاندێکی بەناو ئێزدیی کە سەرجەمیان سەر بە پەدەکە بوون، چووەتە بەغدا و چاوی بە مستەفا کازمیی کەوتووە، هاوکات زانیاریش لەبارەی شەنگال و خۆبەڕێوەبەری و پێشەنگەکانی کۆمەڵگەی ئێزدیی داوەتە بەرپرسانی ئۆپەراسیۆنی نەینەوای سوپای عێراق دەدات.
* نایف حەمۆ، خەڵکی کۆمەڵگەی بۆرکی شەنگالە، ئەندامی هەواڵگریی پۆلیس و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کاتی چالاکییەکاندا ڤیدیۆی چالاکوانان تۆمار دەکات و زانیاریی بە پۆلیس دەدات.
* سەعد حەمۆ، لە هۆزی قرانییە و لە سنون دادەنیشێت، گوایە لەگەڵ ڕێکخراوێکی مرۆیی کار دەکات و بەشداریی هەموو چالاکییەکانی ئەم دواییەدا کردووە، بەپێی زانیارییەکان سەعد حەمۆ لەگەڵ دەزگای پاراستنی پەدەکە کار دەکات، بەڵام خۆی وەک کەسێکی بێلایەن دەناسێنێت.
* قاسم برۆکا: لە هۆزی ئەلدەخیایە و لە سنونێ، ئێستا لە هۆڵەندایە، پەدەکەوە ڕایسپاردووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پڕوپاگەندەی ناوزڕاندن دژی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بڵاوبکاتەوە.
* فاخیر خەلەف: کەسایەتییەکی ئایینی ئێزدییە، کاتێک بەشداری لە چالاکییەکاندا کرد، لە میدیاکاندا داوای لە گەنجان کرد کە بەشداریی لە چالاکیەکاندا بکەن، بەڵام هەمان ڕۆژ لە دهۆک لەگەڵ محەمەد خەلیل پەرلەمانتاری پەدەکە کۆبووەوە و دیمەنەکانی بڵاوبوونەوە.
هەروەها بەشێکی دیکە لەو گەنجانەی کە لەلایەن پەدەکەوە ڕاسپێردراون پڕوپاگەندە دژی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال و بەتایبەت ژنان بڵاودەکەنەوە ئەمانەن: حەمۆ پاشا، حسێن ناسر ڕەشۆ، ئەرکان ئەمین، کامەران کەمال، سەعد حەمۆ، شەڕڤان حەجی، ئەرکان ڕەڤۆ، سندی قەرۆ و فەیسەڵ حەسەن.
ب.ل