ناسڕ ڕەزازیی: بەیەكڕیزیی دەتوانین دژی داگیركاریی بووەستینەوە

هونەرمەند ناسری ڕەزازیی، نیگەرانە لە داگیرکارییەکان و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک لەباشوری کوردستان و دەڵێت، کە پێویستە لایەنەکانی باشوری کوردستان کورد بە یەکڕیزیی و یەکدەنگی خۆیان دژی ئەم داگیرکارییانە بووەستنەوە.


ڕۆژانە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک، باشوری کوردستان بۆردوومان دەکەن، هەروەها سوپای تورک لەدەڤەری برادۆست، زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر خاکی باشوری کوردستانی داگیر کردووە، ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان، هونەرمەند ناسری ڕەزازیی، نیگەرانی خۆی دەربڕی و بە ڕۆژنیوزی وت: من زۆر بەداخم بۆ ئەو باردۆخەی ئێستا و شەرمەزاری دەكەم، ئەم ڕووداوانە هەمووی بە هۆی كەم تەرخەمی خۆمانەوەیە كە لەبەرامبەر ئەم هێرش و داگیركارییانەدا یەكگرتوونین.

ناسری ڕەزازیی، پێی وابوو، کە کورد دەبێت یەکگرتوو بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە بێتەوە کە دەکرێتە سەری و وتی: حزبەكانی باشور دەبێت بە یەكدەنگیی و یەكڕیزیی خۆیان دژی ئەم داگیركاریانە بوەستنەوە، ئەگەر ئەم دووبەرەكیە كۆتایی بێت، ئێمە كارەساتی ئاوها گەورە نابینین، ئەگەر پێكەوەش خەبات نەكەین با دژایەتی یەكتر نەكەین.

ناوبراو ئاماژەی بە بێ ئەنجامیی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد، بۆسەر بزوتنەوەی ئازادیی خوازیی گەلی کورد و وتی: یەكەم جار نییە كە دەوڵەتی تورکیا هێرش بەرامبەر هاوڕێیانی پەكەكە و خەڵكی بێتاوان ئەنجام دەدات، پەکەکە زۆر دەمێكە خەبات دەكات بۆ پاراستنی نەتەوەی كورد، لەبەرامبەریشدا دەوڵەتی توركی داگیركەر لێیان دەدات، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن، كە خەیاڵیان خاوە، لەوەش زیاتر كێشە و گرفتمان بەسەر بێت كورد كۆڵ نادات و لەخەباتی خۆی بەردەوام دەبێت.

ناسری ڕەزازیی، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە حزب و لایەنە کوردییەکان کرد، کە بەژەوەندییە حزبییەكان لەبەر چاو نەگرن، بەڵكو بەرژەوەندی میللەتی كورد پێش بخەن، بۆ ئەوەی بتوانن بەرامبەر بە داگیركەرانی كوردستان یەك دەنگ و هاوڕابن.

د.ع