ناوه‌ندی(PEN)ی کورد: دەستبەجێ هێمن مامەند ئازاد بکەن

ناوه‌ندی(PEN)ی کورد، ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند هیچ تاوانێکی نەکردووە، داواش لە دەسەڵاتی سیاسی و دادوەریی هەرێمی كوردستان دەكات بەبێ هیچ پێشمەرجێک ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازاد بكەن.


كۆمیته‌ی بەڕێوەبەریی گشتی ناوه‌ندی(PEN)ی کورد، ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی دەستگیرکردنەوەی ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی (PEN)دا هاتووە: بەگوێرەی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، ئازادی ڕا ده ڕبرین یەكێکە لە بنەما سەرەكییەکانی مافی مرۆڤ، هه‌موو كه‌سێک مافی‌ ده‌ربڕینی‌ بیروڕای‌ هه‌یه و له چوارچێوەی ئه‌و مافه‌شدا پێویستی‌ به‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌ستی‌ به‌ هه‌موو ئامرازێكی‌ گونجاوی‌ بیروڕا ده‌ربڕین ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ بگات.

هەروەها هاتووە "ئێمە وەکو ناوەندی (PEN)ی کورد بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە پشتگیریی تەواو لە ئازادی بیروڕا بکەین، ئەو شێوازە مامەڵەكردنە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا ڕەتبکەینەوە، چونكه پێچەوانەی ئازادی ڕادەربڕینە".

ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە یەکێک لە ئەرکەکانی یاسا دابینکردنی مافی ئازادی بیروڕایە، ئەرکی داواکاری گشتیش پشتیگیریکردن و پاراستنی یاسایە بۆ داواکردنی مافی گشتیی هاوڵاتییان، بۆیه پێویستە داواکاریی گشتی لە باشوری کوردستان ڕەگەزەکانی پاراستنی بیروڕا بکەنە بنەما و بە گوێرەی ئەو ڕەگەزانە هەنگاو بنێن بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی ڕادەربڕین.

داوا لە دەسەڵاتی سیاسی و دادوەریی هەرێمی كوردستان دەكەین، لە کاتێکدا ئەو رۆژنامەنووسە هیچ تاوانێکی نەکردبێت، پێویستە بەبێ هیچ پێشمەرجێک ئازاد بكرێت.

شەوی ٢٤ی ئازار هێزێكی ئاسایش لەشاری هەولێر هەڵیانکوتایتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس (هێمن مامەند) و بەهۆی نووسینی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستگیریان کرد، دوای ١٤ ڕۆژ  زیندانیکردن، ڕۆژی ٦ی نیسان بە دەستەبەریی ١٠ ملیۆن دینار ئازاد کرا، دوای دووڕۆژ لە ئازادکردنی، جارێکی دیکە لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کرایەوە.

ک.س