ناوچەی پیشەسازیی هەڵەبجە ماوەی ١٥ ساڵە هێشتا تەواو نەكراوە

ناوچەی پیشەسازیی هەڵەبجە ماوەی ١٥ ساڵە بڕیاری دروستكردنی دراوە، بەڵام تائێستا تەواو نەكراوە، بەشێك لەو كەسانەش کە زەوییان بەناوی پیشەوەرەوە وەرگرتووە، زەوییەکانیان فرۆشتووەتەوە.


لەساڵی ٢٠٠٥ ناوچەی پیشەسازیی هەڵەبجە دەست بە جێبەجێکردنی كراوە، بەڵام تائیستا تەواونەبووە و بەشێكی كەمی پیشەوەرانیش كاری تێدا دەكەن.

ناوچەی پیشەسازی هەڵەبجە زیاتر لە ٥٠٠ دوكان لەخۆ دەگرێت، فیتەری، دارستاشی، كارگەی بچووک، پێشانگا و خزمەتگوزارییەكانی  ئۆتۆمبێلی تێدایە، ڕۆژنیوز لەم بەدوداچوونەدا تیشک دەخاتە سەر کەموکورتییەکانی ناوچە پیشەسازییەکە.

زۆربەی دووكانەكانی ناوچەی پیشەسازیی بەشێوەی كەلاوەن و تەواو نەكراون، هەرچەندە تۆڕی ئاو ئاوەڕۆ لەگەڵ كارەبای بۆ دابینکراوە، بەڵام خزمەتگوزاریی ڕێگاوبانی بۆ نەکراوە.

ئەو شوێنەی، کە ئێستا پیشەواران کاری تێدادەکەن بە گونجاو نازاندرێت، موختار باقی، هاوڵاتیەكی شارەکەیە و لەوبارەیەوە وتی: ئەو ناوچەیەی ئێستا پیشەوەران لە دەروازەی شاردا کاری تێدا دەکەن، گونجاو نییە، دەبوو دەروازەی شار نمونەیەكی جوانی پێ بدرێت نەک پیشەوەران کاری تێدا بکەن.

وەك موختار باسی لێوەكرد، لەكاتی دابەشكردنی زەوییەكاندا هەندێك هاوڵاتی دووجار زەوییان وەرگرتووە، هەندێك كەسی دیكەش لە دەرەوەی شارەکە دەژین، بەڵام سودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوییەکان و دواتر فرۆشتویانەتەوە.

سەلمان حەسەن، ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە فیتەرە، ئاماژەی بە کەمورتیی ئەو ناوچە پیشەسازییە کرد، کە ١٥ ساڵ پێش ئێستا دەست بە دورستکردنی کرا و وتی: خزمەتگوزاری تێدا نییە، رێگاوبانی چاکنەکراوە، ناتوانین بچینە ناوی.

وتیشی، کە شارەوانی زەوییان پێداون، حكومەت ناتوانێت بیكاتەوە دوكان بۆیان، پێیانوتراوە کە خۆیان تەواوی بكەن، لەکاتێکدا ئەوان بەوەش ڕازین، بەمەرجێک حکومەت خزمەتگوزاری ڕێگاوبانی تەواو بكات.

سەلمان هیوای خواست هەرچی زووە بگوازرێنەوە ناوچە پیشەسازییەکە، چونکە ئەو شوێنەی ئێستا کاری تێدا دەکەن، شیاو نییە و ڕۆژانە ئاستەنگی زۆریان بۆ دروست دەبێت بەهۆی نزیکییان لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانەوە.

لە بەرامبەردا، كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: نوسراوومان كردووە بۆ حکومەتی بەغدا تا ئەو بودجە یەک ملیارد دینارەی بڕیارە بدرێتە پارێزگاکە، بەزوویی بۆمان خەرج بکرێت و پرۆژەکانی پێ تەواو بکەین، ئەمەش ڕەزامەنی لەسەر دراوە، بەڵام هێشتا خەرج نەکراوە.

سەبارەت بەوەی کە بەشێک لەو کەسانەی زەوییان وەرگرتووە و پیشەوەر نین، جێگری پارێزگار وتی: ئەو دۆسیەیە لە دادگایە و دەبێت سەرۆكایەتی شارەوانی دووبارە وردبینی لەناوەكاندا بكاتەوە.

ئەوەشی وت: ئەگەر ئەو پارەیە لە بەغداوە خەرج بکرێت، تەواوی ئەو كارانەی لە پرۆژەکەدا ماوە لە ڕێگاوبان، لە ماوەی ساڵێكدا تەواو دەكرێت.

بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی ١٠٠ کەس لە پرۆژەکەدا بە نایاسایی زەوییان وەرگرتووە و پیشەوەر نەبوون، دواتریش فرۆشتوویانەتەوە، بەڵام دۆسیەکە لە دادگایە و پێدەچێت دووبارە لێیان وەربگیرێتەوە.

ش.ف