ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵ و پارتی

پارتى و کۆمەڵى ئیسلامى کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پێشخستنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان کرد، هەروەها قسەیان لەسەر بەشداری لایەنەکان لە کۆبوونەوەکەی ١٨ی ئەم مانگە کرد.


ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام لە سنوری هەولێر کۆبوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی شاندێکی کۆمەڵ سەردانی پارتی کرد، دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

ڕێبوار محەمەد، وتەبێژى کۆمەڵى ئیسلامى لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، کۆبونەوەکەیان لەگەڵ پارتیدا باشبووە و دەخوازن ببێتە دەسپێکێک بۆئەوەی پەیوەندییەکی باشتریان لەگەڵ پارتیدا هەبێت.

ئەوەشی وت: پرسی ئۆپۆزسیۆن بوون لە بەردەمماندا کراوەیە و ویستومانە دوای بەرچاوڕوونیی، بڕیار بدەین بەشداریی لە حکومەتدا بکەین یان ببین بە ئۆپۆزسیۆن.

وتەبێژی کۆمەڵ باسی لەوەش کرد: فراکسیۆنی کۆمەڵ بەشداری لە کۆبونەوەى ١٨ى مانگى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان دەکەن.

دواتر مەحمود محەمەد، وتەبێژى پارتى ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی ئێمە و کۆمەڵی ئیسلامی تازە نییە، لەوانەیە هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا هەوڵمان داوە پەیوەندی هەردوولامان باش بێت و بۆ ئەوەش بڕیارمانداوە پەیوەندییە حزبییەکان لەگەڵ پەیوەندییەکانی حکومەت و دەسەڵات جیابکەینەوە.

ڕاشیگەیاند: ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ یەکێتى گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی و چاوەڕوانى کۆبوونەوەى پەرلەمان دەکەین لە ١٨ى ئەم مانگە و تا ئێستا یەکێتییش بڕیارى داوە بەشدارى ئەو کۆبوونەوەیە بکات.

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: پەیوەندیەکانمان لەگەڵ گۆڕان، بەرەوپێشچونی باشى بەخۆوە بینییوە و لێکەتێگەیشتنى هاوبەش لەنێوان پارتی و گۆڕان هەیە.


ک.ک