ناڕەزایەتیی هاوڵاتیانی شەنگال ٢٠ ڕۆژە بەردەوامە

ناڕەزایەتیی هاوڵاتیانی شەنگال بەردەوامە و دەڵێن، دەبێت ڕێڕەوی مرۆیی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ٢٠ ڕۆژە بەردەوامن لە چالاکیی و ناڕەزایی.


ئەمڕۆش هاوڵاتیانی شەنگال لە دژی داخستنی ڕێڕەوە مرۆییەکە ناڕەزاییان نیشاندا، بەوەش ماوەی ٢٠ ڕۆژە لە ناڕەزایی و چالاکیی بەردەوامن.

هاوڵاتیانی شەنگال ڕێڕەوی مرۆیی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان وەکو دەروازەی هەناسەدان دەبینن و دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت ئەو ڕێڕەوە بکرێتەوە، کە لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە داخراوە.

ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە کۆمیتەی تەندروستی شەنگال ڕایگەیاند، کە بەهۆی داخستنی ڕێڕەوی مرۆیی و ئەو ئەبلوقەیەی لەسەر شەنگالە، دەرمان ناگات بە شەنگال و بەو هۆیەشەوە نەخۆشخانەکان داخراون، هاوڵاتیانیش ناتوانن بۆ چارەسەر بڕۆن بەرەو موسڵ و هەرێمی کوردستان.

ئەو ڕێڕەوە مرۆییەی کە لە کاتی فەرمانەکە لەلایەن شەڕڤانانەوە لەنێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانەوە کرابووەوە، لە ڕۆژی ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داخرا، دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک لەبەرامبەر داخستی ڕێڕەوەکە، جارێکی دیکە کرایەوە و کاربەدەستانی عێراق بەڵێنیاندا، کە جارێکی دیکە داینەخەن، بەڵام دوای ماوەیەک بە تەواوەتی داخرا، بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکە بە فەرمی بکرێتەوە لە ٢٤ی ئەم مانگەوە خەڵکی شەنگال لەبەردەم ڕێڕەوەکە چادریان هەڵداوە و ماوەی ٢٠ ڕۆژە ناڕەزایەتییەکانیان لە دژی داخستنی ئەو ڕێڕەوە بەردەوامە.


ک.ک