دوای بانگەشەکانی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق، هاوڵاتییان لە ناوچە داگیرکراوەکانی سووریا خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و ئاڵای تورکیایان سووتاند و ڕەتیان کردەوە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سووریا قبووڵ بکەن.
شەوی ڕابردوو لە ژێر دروشمی “بڕوخێ تورکیا، بڕوخێ سیستمەکەی” لە ناوچەکانی عەزاز، جەرابلووس، مارع، ڕاعی، باب، سوران، سەرێکانی، گرێسپی و ئیدلیب خۆپیشاندان دژی لێدوانێک مەولود چاوشئۆغڵوو، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک دەستیپێکرد.
چاوشئۆغڵوو دوێنێ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، هاوتا سوورییەکەی ڕایگەیاندبوو: جەختم لە هەڵوێستی نەگۆڕی تورکیا بۆ دروستکردنی کەشێکی ئارام و پڕ لە ئاشتیی لە نێوان ڕژێم و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کردەوە، پاڵپشتی لە ئاشتی نێوان هەردوولایەن دەکەین.
ئەوەش کاردانەوەی خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکانی سووریای لێکەوتەوە و شەوی ڕابردوو خەڵکێکی زۆر ڕژانە سەر شەقام و دروشمی “بڕوخێ تورکیا، بڕوخێ سیستمەکەی”یان دەوتەوە و ئاڵای تورکیایان سووتاند.
هاوکات چالاکوانانی مەدەنیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوایان کردووە، کە ئەمڕۆش هاوڵاتیان بڕژێنە سەر شەقامەکان دژی هەڵوێستە نوێیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق ڕەتبکەنەوە.
هاوکات ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، کە لە خۆپیشاندەران لە ناوچەی عەزازی باکووری حەلەب دەستیان بەسەر بینای بەڕێوبەرایەتی ئاسایشدا گرتووە و دواتر ڕوویان لە ئەنجومەنی ناوچەیی کردووە، هاوکات ئاڵای دەوڵەتی تورکیان هێناوەتە خوارەوە و سوتاندوویانە.
ب.ل