نزیکەی سەدەیەکە کانیەکانی کانی پانکە وشکیان نەکردووە

لە گوندی کانی پانکەی سنووری شارۆچکەی سەیدسادق چەند کانییەکی سازگار هەیە، کە سەرچاوەی ژیانی نزیکەی ٢٠٠ ماڵ و هەزار جوتیارە،  ئەو کانیانە نزیکەی سەدەیەکە وشکیان نەکردووە و بەردەوام ئاوێکی سازگار دەدەن بە دانیشتوانی گوندی کانی پانکەو چەند گوندێکی دیکەی سنوورەکە.


گوندی کانی پانکە، دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ ماڵی تێدایە و نزیکەی سەدەیەکیش دەبێت کە هاوڵاتیانی ئەم گوندە پشت بە ئاوی کانیەکانیان دەبەست بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کوشتوکاڵ کردن.

لەم گوندەدا چەند کانییەک هەیە، بەڵام گەورەترینیان کانییەکە، کە بەکانی پانکە ناودەبرێت.

دانیشتوانی کانی پانکە، ئاوی کانیەکان بۆ پێویستییەکانی ڕۆژانەیان و خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکار دەهێنن، تایبەتمەندییەکی سەرنج ڕاکێشی ئەم کانیانە ئەوەیە کە بەهاویناندا وشک ناکەن، بەشێوەیەک لەماوەی ئەو چەند ساڵەی کە وشکەساڵی ڕووی لەهەرێمی کوردستان کرد، زۆرێک لە کانیەکان وشکیانکرد، بەڵام کانییەکانی کانی پانکە وەک خۆیان مانەوە.

هاوڵاتیانی گوندەكە باس لەوەدەكەن، کە ئاوی کانیەکان پشکنینیان بۆ کراوە و شیاون بۆ خواردنەوە و ئەوان بەکاری دەهێنن بۆ خواردنەوە و هەموو پێداویستییەکانی دیکەیان.

جەلالی حاجی حەمەئەمین، دانیشتوی گوندی كانی پانكە، باسی سودی ئەو کانیانەی کرد بۆ ژیانی ئەوان و وتی: ئەم سەرچاوەی ئاوی (موانە) كەبەكانی پانكەش بەناوبانگە، شەش جۆگەی لێدەبێتەوە بۆ كاری ئاوداریی کێڵگەو باخەکان، کەبریتین لە (باڵە جۆگە، كۆریان، موانی ڕۆستەم، موانی كۆن، هەروەها دوو جۆگەی دیكەش بۆ قاڵیجۆی سەرو خوارو دەڕوات).

وتیشی: نزیكەی هەزار جوتیار لەبەردەم سەرچاوەی كانی پانكە كشتوکاڵ دەکەن، ئاوەكەی دەڕواتەوە سەر چەمی (ئێڵانقۆز) لەوێشەوە بۆ تانجەرۆ و تادەگاتە بەنداوی دەربەندیخان، هەروەها چەندین گوندی ناوچەكەش سود لەسەرچاوەی ئاوی كانی پانكە وەردەگرن بۆ خواردنەوە، وەك گوندەکانی بنگردی موان، قاڵیجۆی سەرو خوارو، گوندی موانی حەمەی حەسەن، كەبەبێ‌ دینەمۆ ئاوەكە دەڕواتە سەربانی خانوەکانیان، هەروەها گوندی كانی پانكەی سەروش سود لەئاوەكە وەردەگرن.

مەحمود محەمەد، دانیشتوویەکی تەمەن ٨١ ساڵی گوندی كانی پانكەیە، باسی لە مێژووی کانیەکانی کانی پانکە کرد و وتی: لەسەرەتای دروستبوونی ناوچەی شارەزورەوە ئەم ئاوە بوونی هەیە، سودی زۆرمان لێوەرگرتوە، بۆ كشتوكاڵ و خواردنەوە.

مام مەحمود، نیگەران بوو لەوەی کە حکومەت جۆگەی پێویستی دروستنەکردووە بۆیان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر سود لە کانیەکانیان وەرگرن، پێی وابوو، کە بەهۆی نەبوونی جۆگەی پێویستەوە زۆرینەی ئاوی کانیەکان بەفیڕۆ دەڕوات.

حەئەمین ڕۆستەم، هاوڵاتیەكی دیكەی گوندی کانی پانکەبوو، ئاماژەی بەوەکرد، کە هەندێک جار ئاوەڕۆی ماڵەکان تێکەڵ بە ئاوی کانیەکان دەبێت، ئەوەش ڕەنگە زیان بە تەندروستیان بگەیەنێت، بۆیە وادایکرد، حکومەت ئاوەڕۆیان بۆ دروستبکات.

د.ع