نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا سەردانی مانگرتووانی سلێمانییان کرد

شاندێکی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، پشتیوانیی خۆیان بۆ مانگرتووانی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە شاری سلێمانی دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند، گومانیان لەوەنیە کە بەرخۆدانی مانگرتووان دەگاتە ئامانج و سەردەکەون.


ئێوارەی ئەمڕۆ، شاندێکی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری سلێمانی، سەردانی مانگرتووانی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیایان کرد، کە ۱٥۳ ڕۆژە دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.

شاندەکە لە لایەن چالاکوانانی مانگرتووی کۆمەڵەکە و مەروان مەمدوح، ئەو هاوڵاتییەی کە ماوەی دوو ڕۆژە مانگرتن لەخواردنی تا مردن ڕاگەیاندووە، پێشوازیی لێکرا.

لای خۆیانەوە شاندی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکان وێڕای ئەوەی پشتیوانیی خۆیان بۆ مانگرتووان دەربڕی، جەختیان لە گرنگیی ئەو چالاکییانەش کردەوە و ڕایانگەیاند، کەوا دڵنیان لە سەرکەوتنی چالاکییەکەیان و گەشتنە ئەنجام بە شکاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان.

هاوکات، مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر، ئەو گەنجەی باکوری کوردستان کە ماوەی دوو ڕۆژە لە سلێمانی مانگرتنی لەخواردن تا مردن ڕاگەیاندووە، وێڕای بەخێرهاتنکردنی شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، کە بە ڕۆحییەتی یەکگرتوویی کورد و خاوەندارێتییکردن لە دۆزی گەلی کورد، دەتوانن بگەنە ئەنجام و گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان تێکبشکێنن.

ک.س