گەلی شەنگال کە لەسەر بانگەوازی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری شەنگال لە نیوەشەوی ڕابردووەوە لەبەردەم ناوەندی ئاسایشی ئێزدخان لە شارۆچکەی سنونێ کۆبوونەتەوە، لە پاش ئەوەی داوکارییەکانیان لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی عێراقەوە ڕەت کرایەوە، ئەمڕۆ ڕێپێوانیان کرد و گردبوونەوەکەیان لەبەردەم ناوەندی ئاسایش و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بەردەوامە.
بەیانی ئەمڕۆ شاندێک لە چالاکوانان کە لە بەردەم ناوەندی ئاسایشی شەنگال گردبوونەوە و سەردانی کاربەدەستانی عێراقییان کرد، بەڵام داواکارییەکانی خەڵک لە لایەن کاربەدەستانی عێراقیەوە ڕەت کرایەوە و داوای چۆڵکردنی ناوەندنی ئاسایشی ئێزدخانیان کرد.
لەدژی ئەمەش خەڵکی ناڕازیی لەبەردەم ناوەندی ئاسایشی ئێزدخان لە سنونێ هەتا ناوەندی ناوچەی شەنگال ڕێپێوانیان کرد و ئێستاش لەبەردەم ناوەندی ئاسایشی ئێزدخان بەردەوامن لە گردبوونەوەکەیان و پێداگرن لەوەی کە بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادەن کە دەست بۆ ئیرادەی ئێزدییەکان ببریت و هەتا بەدیهاتنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکەیان.
لەپاش ڕێپێوانی ئێزدییەکان جارێکی دیکە کۆبوونەوەی نوێنەری خەڵکی ناڕازی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا دەستی پێکردەوە و گردبوونەوەکەش بەردەوامە.
ڕۆژی نۆی مانگی ١٠ی ئەمساڵ، پەدەکە و حکومەتی بەغدا لە دژی ئێرادەی خەڵکی ئێزدی لە شەنگال ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنە حکومەتی عێراق هێزی سەربازیی ڕوانەی شەنگال کرد و بە نیاز بوون، کە لەسەر چیای شەنگالیش هێزی عێراقی جێگر بکەن، بەڵام دوای ناڕەزایەتی و کاردانەوەی ئێزدییەکان ئەم هەوڵە ڕاوەستا.
لەدژی ئەو ڕێککەوتنە نزیکەی دوو مانگە کە هەموو ڕۆژێک ئێزدییەکان و خەڵکی شەنگال بە چالاکی جۆراجۆر ناڕەزایەتی دەر دەبڕن و ڕێپێوان دەکەن، هاوکات شاند و نوێنەری ئێزدییەکانی شەنگال چەندین جار سەردانی لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی بەغدایان کردووە و ناڕەزایەتی خەڵکی ئێزدییان لسەر ئەم ڕێککەوتنە گەیاندە لایەنەکانی عێراق.
ش.ف