٤٣ ساڵی دوور و درێژی تەمەنت، بێ هیچ چاوەڕوانییەک بخەیتە خزمەتی گەل و نیشتیمانتەوە، بە زانست و هەڵوێستەوە بیکەیتە قوربانیی ژیانێکی ئازاد، ئەمە دەبێت ژیانێکی چۆن بێت، چ جۆرە دڵێک دەتوانێت لە بەرامبەر هەموو هێزەکانی مۆدێرنیەتی سەرمایەداریی تا تەمەنی ٦٤ ساڵیی بەردەوام وەکو گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ، بە جۆش و بێ ڕاوەستان لە خەباتدا بیت و لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا بوێرانە بەرەو پێش بچێت؟.
هەڤاڵێکی یاسین بولوت (شوکری سەرحەد) ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە، کە بەهۆی هێرشی چەکداریی داگیرکەرانەوە لە سلێمانی شەهید بوو، سەبارەت بە کەسایەتیی شەهید شوکری نووسینێکی بڵاوکردەوە.
زۆزان، ڕێهەڤاڵی شەهید شوکری نووسیویەتی:
“بیهێننە پێش چاوی خۆتان؛ شۆڕشگێڕێک بە سڵاوی سەرکەوتن و دەموچاوێکی پڕ لە ڕووناکی، بە هەڵوێستێکی پۆڵایینەوە دێتە ژوورەوە، ئەم شۆڕشگێڕە، بە هاتنی ئارامییەک دەبەخشێت بە ژوورەکە، دەبێتە سەرچاوەی ورە، هەر قسەیەکی پڕاوپڕ دەبێت لە واتا و هەر دڵنەواییەکی لێپرسینەوەیەکی قووڵە، هەر هەڵسوکەوتێکی ڕێزداریی و بیرێکی گەورە دەخولقێنێت…
واتای ژیان چییە؟ ئەمە پرسیاری هەموو کەسێکە، بەڵام هەرگیز کەسێک ناتوانێت وەکو هەڤاڵ شوکری بە هەڵوێست، بوون، خەبات و تێکۆشانییەوە وەڵامی بداتەوە، ٤٣ ساڵی دوور و درێژی تەمەنت، بێ هیچ چاوەڕوانییەک بخەیتە خزمەتی گەل و نیشتیمانتەوە، بە زانست و هەڵوێستەوە بیکەیتە قوربانیی ژیانێکی ئازاد، ئەمە دەبێت ژیانێکی چۆن بێت، چ جۆرە دڵێک دەتوانێت لە بەرامبەر هەموو هێزە کانی مۆدێرنیەتی سەرمایەدارییدا تا تەمەنی ٦٤ ساڵی بەردەوام وەکو گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ، بە جۆش و بێ ڕاوەستان لە خەباتدا بیت و لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا بوێرانە بەرەو پێش بچێت؟.
شۆڕشگێڕ لە فەلسەفەی ئاپۆییدا هیچ سنوورێک ناناسێت، لە هەرکوێ بێت با بێت، لە چ بارودۆخێکدا بێت گرنگ نییە، هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک وەکو ڕووبار، ڕێگای خۆی دەدۆزێتەوە، لەم پێناوەدا هەموو بەربەستەکان دەشکێنێت تا بە ئامانجەکەی بگات، هەڤاڵ شوکری ساڵانێکی درێژی تەمەنی ژیانی لە زیندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکدا تێپەڕاند، وەکو ڕێ هەڤاڵەکانی مەزڵوم دۆغان و ساکینە جانسز هەموو کاتێک خۆڕاگر بوو، لە شاخەکانی ئامەد، سەرحەد، قەندیل وەکو فەرماندە جەمیلان شەڕکەر بوو، لەناو گۆڕەپانی کۆمەڵگاشدا خەباتکار و خزمەتکارێکی دڵسۆزی گەلەکەی بوو، تا دوا چرکەی ژیانی هەر لە ناو کار و خەباتدا بوو، هەرگیز نەخۆشی کۆڵی پێنەدا و بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی لە کار و خەباتەکانی دوور نەکەوتەوە، کاتێک پێماندەوت “خۆت بپارێزە، پەتا هەیە” هەموو کاتێک بە بزەیەکی شیرینەوە دەیوت، “نیگەران مەبن، شەهیدبوونم بە نەخۆشی نابێت!” چونکە ڕێگای خۆی دەناسی، هەموو کاتێک قسەی خۆشی بۆ دایکان، باوکان، منداڵان و گەنجان هەبوو، کاتی خۆی بۆ هەموو کەسێک تەرخان دەکرد و گۆشەیەک لە بیر و ڕێبازی پێشکەش بە هەموو کەسێک دەکرد، هەر بۆیە ئەمڕۆ کەسێک تەنانەت یەک جاریش هەڤاڵ شوکری بینیبێت، تا کۆتایی تەمەنی تاسەی ئەو بینینە دەکات.
یەکێک لەو خەباتانەی کە بە عەشق و تاسەوە دەیکرد، کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی یارمەتی بۆ خانەوادەی شەهیدان بوو، وەکو خانەوادەی خۆی سەیری هەموو خانەوادە شەهیدەکانی دەکرد، تێدەکۆشا تا وەکو کوڕێکیان خزمەتیان بکات و ڕێگە نەدات پێویستیان بە هیچ کەسێکی دیکە بێت، مرۆڤێکی ئەوەندە گەورە بوو، کە تەنانەت جارێکیش، چاوەڕوانی هیچ شتێکی بۆ خۆی نەدەکرد بەڵام بۆ ئەو خانەوادانەی کە پێویستیان بە یارمەتی بوو، لە هەموو دەرگایەکی دەدا و لەم خەباتەشیدا سەرکەوتوو بوو، هەر بۆ ئەمە ئەمڕۆ خەڵکی باشووری وڵاتەکەمان و بەتایبەت خانەوادەی شەهیدان دەڵێن، “نموونەی جەنگاوەری ئاپۆییمان لە کەسایەتی هەڤاڵ شوکریدا بینی.
شۆڕشگێڕی ئاپۆیی لە هەر چرکەساتێکی ژیانیدا، بە شێوازی ژیانیانەوە نموونەن و هەڤاڵ شوکرییش پڕ بوو لە نموونەی دڵپاکی، شایەنی ئاماژەیە کە شێوازی سڵاوکردنی هەڤاڵ شوکری بە نیشانەی سەرکەوتن بوو، واتە دوو پەنجەی بە نیشانەی سەرکەوتن بەرز دەکردەوە، کاتێک شوێنێکی خاوێن دەکردەوە و هەڤاڵان پرسیاریان لێدەکرد کە چی دەکەیت؛ دەیوت “زیهنیەتەکان خاوێن دەکەمەوە!” هەر وایە، زیهنیەتی پیس وادەکات کە ژینگەی مرۆڤ پیس و پرش و بڵاو بێت، ئاوای دەکرد تا هەموو کەسێک ژینگەی بە خاوێنی و ڕێکوپێک ڕابگرێت و خاوەن دسیپلین بێت، هەر وەکوو پێشتر وتوویانە، شێر بە هەڵسوکەوتییەوە دیارە! واتە دسیپلینی ژیان ئەوەندەی دسیپلینی خەبات گرنگە، ئەوەندە کە خەباتی خاوێن بوو؛ دەوروبەریشی خاوێن ڕادەگرت، سەرەڕای ئەوەی کە خاوەن خەباتێکی ٤٣ ساڵە و کەسایەتییەکی گرانبەها بوو؛ هەموو کاتێک دەیوت “سەرحەدییەکی پڕ لە کەموکورتیم”، هیچ کاتێک بێ کەموکورتی سەیری خۆی نەدەکرد، هەموو کاتێک وەکو شۆڕشگێڕێکی سەردەم تێدەکۆشا بە ڕەنج و تێکۆشانییەوە، بنەمای ئاستی شۆڕشگێڕی تەواو بکات.
ئەمڕۆ ئەگەر هەڤاڵ شوکری بووەتە ئامانجی هێرشی دووژمنان، لەبەر ئەوەیە کە لە بەرامبەر پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و لایەنە خائینی-خۆفرۆشەکاندا بووەتە بەربەست، دوژمنان بەو هێرشەوە هەوڵیان دا جێ پەنجەی شۆڕشگێڕێکی گەورە پاک بکەنەوە، بەڵام ئەستێرەی هەڤاڵ شوکری سەرحەد، ئەو شۆڕشگێڕە گەورەیە لە ئاسمانی وڵاتەکەماندا گەشاوەتر و بەرزتر بووە، بە شەهیدبوونی، شەرەف و سەربەرزیی هێڵی ئازادیی گەورەتر کردەوە، هەر بۆیە، وەکو نموونەیەکی دیاریی کەسایەتیی فیدایی پەکەکە کە تا ڕۆژی ئەمڕۆ هەموو ژیانی خستووەتە خزمەتی ئازادی کورد و کوردستانەوە، لە دوای ئەم ڕۆژەش وەکو ئەستێرەی ئازادی وڵاتی مەدیا گەشاوەتر دەبێت و ڕێگای ڕاستی نیشانی هەموو گەلەکەمان و هەڤاڵەکانی دەدات”.
ش.ف