نێوەندگیریەک بۆ کێشەی مۆلیدە ئەهلیەکان بەڕێوەچوو

لە نێوەندگیریەکدا باس لە کێشەکانی مۆلیدە ئەهلیەکان کرا، نوێنەری مۆلیدە ئەهلیەکانیش داوادەکات کە ئەرک و کارەکانیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەوە ڕێکبخرێت، نەک ئێستا کە خۆشیان نازانن سەر بە کام بەڕێوەبەرایەتین.  


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆتێل داوا، لە شاری سلێمانی گفتووگۆیەکی نێوەندگیریی بۆ نەبوونی سیستمێکی یەکگرتوو بۆ کارپێکردنی مۆلیدە ئەهلیەکان ئەنجامدرا، کە لەلایەن ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی یەکبوونی سلێمانی و ڕیکخراوی ڕیباز فاوندەیشن نێوەندگیریەکە ئامادەکرابوو، ئامانج لەم نێوەندگیرییە گەیشتن بە دانانی سیستمێکی گونجاو بۆ باشترکردنی سیستمی کارەبا.

 لە نێوەندگیریەکەدا ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە حکومڕانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە کارەبا وەک پێویست بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، هەروەها شاری سلێمانی پشکی تەواوی خۆی پێنەدراوە لە پێدانی کارەبادا.

 حاکم بێستون، نوێنەری قائیمقامیەتی سلێمانی، لە وتەیەکدا باسی لە کێشەکانی قائیمقامیەت کرد لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، بەوەی کە لەسەرەتادا ئەوان وەک قائیمقامیەت هەستاون بە دانانی نرخ بۆ مۆلیدە ئەهلیەکان بەڵام دواتر لەلایەن وەزارەتی کارەباوە نوسراویان بۆ هاتووە کە ئەوە کاری ئەوان نییە، بەڵام دوای ئەو نوسراوە جارێکی دیکە نوسراویان بۆ هاتووە کە دەبێت ئەوان نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلیەکان دیاریبکەن.

دواتر لەلایەن نوێنەری کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکان، وتەیەک پێشکەشکرا، کە داوایان کرد کار و ئەرکەکانی مۆلیدە ئەهلیەکان ڕێکبخرێت لەلایەن دامەزراوەیەکی تایبەتەوە نەک ئەوەی کە خۆیان نازانن سەر بە چ وەرزارەت یان بەڕێوەبەرایەتیەکن.

 هەروەها ئەوان وەک نوێنەری مۆلیدە ئەهلیەکان داوای ئەوەشیان کرد، کە نرخێک بۆ ئەمپێری مۆلیدە ئەهلیەکان دابنرێت کە هەم لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت هەمیش لە بەرژەوەندی خاوەن مۆلیدە ئەهلیەکان.

د.ع