نەتەوە یەکگرتووەکان: تورکیا ناوچە مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج و پێویستە هێرشەکان ڕابگرێ

وتەبێژی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند: کاریگەریی هێرشەکان بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر خەڵکی مەدەنی بەردەوامە و هێشتاش ناوچە مەدەنییەکان و بیناکان دەکرێنە ئامانج و پێویستە هێرشەکان ڕابگیرێن و ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت.


ڕۆبێرت کۆلڤیل، وتەبێژی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باسی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی مەدەنی کرد.

کۆلڤیل ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی هێرشەکانی سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ژیانی ١٠٠ هەزار مرۆڤ لە مەترسیدایە و وتی: خەڵکی مەدەنی هێشتاش باجی هێرشەکان دەدەنەوە و لە ماوەی ٩ی ئۆکتۆبەر بۆ ٥ی ئەم مانگە ٩٢ سڤیل گیانیان لەدەستداوە.

کۆلڤیل هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی هێرشەکانەوە تەنیا لە هەفتەی دوایی ١٠٠ هەزار کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و ڕایگەیاند: ئەوکەسانەش کە دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر یان بێسەروشوێن دەکرێن.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ هەروەها ڕایگەیاند کە، هێشتاش ناوچە مەدەنییەکان و بیناکان دەکرێنە ئامانج و پێویستە هێرشەکان ڕابگیرێن و ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت. 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئامارەفەرمییەکانی دەستەی تەندروستی و بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان تائێستا بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ٢٣٥ کەسی مەدەنی شەهیدبوون.

ک.س