نەخشەڕێگای چارەسەریی کێشەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەندرێت

ڕۆژی ١٤ی تەمووز، نەخشەڕێگای هاوبەشی کۆدار و پژاک، بۆ چارەسەریی کێشەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەندرێت، بەڕێوبەرایەتیی کۆدار-یش ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن، بۆ وەرگرتنی هەرجۆرە پێشنیارێک بۆ پرۆژەکە.


ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە، کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا باسیان لە ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەریی کێشەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، لەوبارەیەشەوە بەڕێوبەرایەتی کۆدار  زانیاریی زیاتریان بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکرد.

بەگوێرەی لێدوانی بەڕێوبەرانی کۆدار، کۆدار و پژاک بۆ ئامادەکردنی پرۆژەکە، ڕاوێژیان لەگەڵ زۆربەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و هێزە ئێرانییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیسییەنەکان و ڕۆشنبیرانی کورد و ئێرانیش کردووە، جگە لەو هێزانەی کە باوەڕیان بە دەستێوەردانی دەرەکیی هەیە.

ئامادەیی خۆشیان دەردەبڕن، بۆ وەرگرتنی هەرجۆرە پێشنیارێک لەسەر پرۆژەکە و دەتوانرێت ناوی حزبەکانی دیکەشی تێدابێت.

بەڕێوبەرانی کۆدار، ئاشکراشیانکرد، کە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، نەخشەڕێگاکە ڕادەگەیەنن.

چوارچێوەی پرۆژەکە بریتیە لە شرۆڤەیەک لەبارەی دۆخی ئێستای ئێران، وەک بەڕێوبەرانی کۆدار دەڵێن: بۆ ئەوەی خوێندنەوەیەکمان لەو دۆخە هەبێت و بتوانین وەڵامێک بۆ داواکارییەکانی خەڵک دیاریبکەین، ئەو نەخشەڕێگایە بڵاودەکەینەوە، هەندێک لایەنی سیاسیی لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەستێوەردانی دەرەکی لە ئێراندا ڕووبدات، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین، چونکە نموونەکانیمان لە سوریا و عێراق بینی و بینیشمان کە چ زیانێکی بە ژیانی خەڵک گەیاند، ئێمە باوەڕمان بە هێزی گەلە و نەخشەڕێگاکەش لەسەر ئەو بنەمایەیە.

کۆدار بەمشێوەیە پێویستیی دەرکردنی ئەو نەخشەڕێگایە دەخاتەڕوو: ئەو قەیرانانەی لە ئێستادا ئێرانیان داگرتووە، ئێران بەرەو گۆڕانکاری جدی دەبەن، لە ئێستادا ئەو قەیرانانە زیاتر لە چوارچێوەی قەیرانی ئابوورییدا خۆیان پیشاندەدەن، لەلایەکی دیکەوە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ئەو قیرانانەی قووڵترکردەوە، بەڵام پرسەکە تەنیا ئەوە نییە، چونکە پێشتریش سەرهەڵدانی جۆراوجۆر لە ئێراندا ڕوویاندابوو، خەڵک بەئاشکرا لە دروشمەکانیاندا ڕایانگەیاند، کە "چیدی نە ڕیفۆرمخواەکان و نە موحافزکارەکان-یان ناوێت"، خەڵک هەموو لایەنە حکومییەکانیان ڕەتکردووەتەوە، هاوکات خەڵک نایانەوێت ئەو گۆڕانکارییانە بە دەستێوەردانی دەرەکی پێکبێت.

کۆدار بەمشێوەیە لەبارەی هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانیشەوە هەڵوێستی ڕاگەیاند: پرۆژەکە ئێرانی-کوردستانییە و بۆ هەموو گەلانی ئێران نووسراوە، جەخت لەسەر یەکگرتنی نەتەوەکان و گەلەکان دەکاتەوە، لە ئێستادا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران وەک پاشایەتی خوازەکان و موجاهدینی خەلق لە هەوڵدان کورد لە بەرژوەندییەکانی خۆیاندا و وەک کۆیلە بەکارەبێنن، پرۆژەکە ڕێگادەربازبوونێکە لەو مەترسییەش.

هەر بەگوێرەی بەڕێوبەرانی کۆدار، پرۆژەکە لەسەر بنەمای کۆنفیدرالیزمی دیموکرات و خۆبەڕێوبەریی گەل ئامادەکراوە، هەروەها باس لە ڕێکخستنی داواکارییەکانی گەل دەکات و لە ڕۆژی ١٤ی تەموزدا بە ڕایگشتی ڕادەگەیەندرێت.

ب.ل