نەهرۆ خانەقینی: گوڤەن و یاگز هەوێنی چالاکیی من و هەزارانی دیکەن

نەهرۆ خانەقینی، کە ئەمڕۆ لە ١٩یەمین ڕۆژی چالاکی مانگرتنیدایە دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، پەیام بۆ لەیلا گۆڤەن و ناسر یاگز دەنێرێت و دەڵێت: ئێوە پێشەنگ و ڕێبەری ئێمەن و مانگرتنەکەتان هەوێنی چالاکی من و هەزارانی دیکەیە.


لە چوارچێوەی چالاکییەکانی مانگرتن دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، لە شارۆچکەی خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە، نەهرۆ خانەقینی ئەمڕۆ لە ١٩یەمین ڕۆژی چالاکی مانگرتنیدایە، کە بۆ ماوەیەکی نادیار دەسیپێکردووە.

نەهرۆ خانەقینی، سەبارەت بە چالاکییەکەی لە ڕێگای ڕۆژنیوز-ەوە پەیامی خۆی ئاراستەی هەردوو چالاکوانی مانگرتووی بێسنور، لەیلا گۆڤەن و ناسر یاگز، کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە پێناو بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی گەلی کورد دا دەستی بە مانگرتن کردووە، چونکە گۆشەگیریی بۆسەر تەواوی مافەکانی گەلی کورد و هەموو مرۆڤێکە، بەهیواین بگەینە سەرکەوتن و گۆشەگیریی تێکبشکێنین.

نەهرۆ، پەیامی ئاراستەی لەیلا گۆڤەن و ناسر یاگز کرد و وتی: سەرەتا هیوای سەرکەوتن و تەندروست باشی و مانەوەیان بۆدەخوازم، چەندە لەبارەیانەوە بڵێم هێشتا کەمە چونکە بەرخۆدان و چالاکی ئەوان زۆر مەزنە، بوون بە  پێشەنگ و ڕێبەری ئێمە، بۆ بەشداریکردن لەم شێوازە تێکۆشانە و چالاکییەکەشیان بەتەواوی دونیادا فراوانبووە، سەرەڕای ئەوەی ئاگادارم دۆخی تەندروستییان چەند خراپە، بەڵام لە چالاکییان بەردەوامن و باوەڕی و ئیرادەیان لە لوتکەدایە.

لە درێژەی بە پەیاماکەشیدا وتی: شتێک لە گیان و ژیان پیرۆزتر نییە، کە ئێوە لە پێناو مافی گەلەکەتاندا و دژ بە ستەمی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان دەیبەخشن، چالاکی و ئیرادەی ئێوە هەوێنی دەستپێکردنی چالاکی مانگرتنی من و هەزارانی ترە و هێز و مۆراڵ لە ئێوە وەردەگرین.

ک.س