نەورۆزی قەندیل جارێکی دیکە پەیامی خۆی گەیاند

گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستان و بە تایبەت لە باشوری کوردستان، سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک بۆسەر قەندیل، وڵامێکی واتاداری دایە دەوڵەتی تورک و پەیامی ڕاستەقینەی نەورۆزی گەیاندە دۆست و دوژمن، هاوڵاتیان و ئاسایش بۆ پێشوازی لە میوانەکان کەوتنە ئامادەباشییەوە و ئێوارەی نەورۆز لە مەیدانی چالاکییەکە بوون، هاوڵاتیان گروپ گروپ لە دەوری ئاگرەکە کۆبوونەوە و هەڵپەڕکێیان کرد.


پێش ئەوەی نەورۆز دەستپێبکات، خەڵکی قەندیل هەموو بۆ ئەو یادە ئامادەبوون، بەشێک لە خانەوادەکان خواردنیان ئامادە کردبوو، بەشێکێشیان دەرگای ماڵەکانیان کردبووەوە بۆ میوانەکان کە لە دوورەوە هاتبوون.

بۆ ئەوەی جەماوەر بڵاوەپێبکرێ و مەراسیمەکە ئەنجام نەدرێت، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک دەوروبەری مەیدانی مەراسیمەکەیان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بۆردوومان کرد، بەڵام خەڵک گوێی بەو هێرشانە و بانگەشەی شەڕی تایبەتی هەندێک کاناڵی ڕاگەیاندنیان نەدا و هەر لە ئێوارەوە بەروە مەیدانی چالاکییەکە بەڕێکەوتن، بە گەیشتنی شەو، گەنجان وێنەی شەهید، زولکوف گەزەن-یان هەڵواسی، شەهیدی ڕێگای "گۆشەگیریی بشکێنە، فاشیزم لەناو ببە"، کە لە زیندان چالاکیی ئەنجامدا و ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵیان بەڕێوە برد و دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ، بژی بەرخۆدانی لەیلا و شەهید نامرن"یان وتەوە.

بۆئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت، هاوڵاتیان لە بەیانییەوە بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکان گەیشتنە مەیدانی چالاکییەکە، هەر لە بەیانییەوە، مەیدانەکە پڕ ببوو لە خەڵک.

ئاسایشی قەندیل بۆ ئەوەی نەورۆز بە تەندروستی ئەنجامبدرێت، ئەرکی ئاسایشی ناوچەکەیان بەڕێوە برد و لە مەیدانەکەش بە دانانی خاڵی کۆنترۆڵ هەموو میوانەکانیان کۆنترۆڵ دەکرد و دەیانناردنە ناو مەیدانەکە، شتێکی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە بە پێچەوانەی هەموو شوێنەکان کە خەڵک لە هێزە سەربازییەکان دەترسن و خۆیان لێ دوور دەخەنەوە، لێرە بە کەیفخۆشی و ڕێزدارییەکی گەورەوە لە هێزەکانی پاراستن نزیک دەبوونەوە.

بە هەڵهاتنی ڕۆژ، سەماوەر و قۆری چای لەسەر ئاگر دەکوڵان و هەرکەسێک چاییەکی بەدەستەوە بوو، لەلایەکی دیکەشەوە، خەڵک بۆ هاوکاری شۆڕشی ئازادیی، هاوکارییان دەخستە سندوقەکانەوە کۆکردنەوەی هاوکارییەوە، مەیدانەکەش پێشانگای کەفیە بە ڕەنگی کوردستانی و جلوبەرگی کوردی دانرابوو، هەندێک کەسیش لە هەورامانەوە بە جلوبەرگی تایبەتی ئەو ناوچەیە بەشداریی مەراسیمەکە بوون، لەبەر دەرگای مەیدانەکەش پێشەنگایەکی کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە دانرابوو، کە خەڵک پێشوازییەکی باشی لێدەکرد، بۆ ئەوەی منداڵانیش کاتێکی خۆش بەسەر بەرن باپیرە نەورۆز هاتبووە قەندیل و کەلوپەلی یاریی منداڵانی بڵاو دەکردەوە.

پێش ئەوەی پیرۆزباییەکە دەستپێبکات، هەرکەس خەریکی کارێک بوو و مەیدانەکە کەشوهەوای فستیڤاڵێکی کلتوریی بەخۆیەوە گرتبوو.

لە مەیدانی چالاکییەکە وێنەی چوار شەهیدی هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٨ شەهید بوون هەڵواسرابوو، هەروەها پۆستەرەکانی ئۆجالان، لەیلا گوڤەن، ناسر یاگز و زولکوف-یش هەڵواسرابوون، لە ناو خەڵکیشدا زۆرتر ئاڵاکانی پەکەکە، یەپەگە، یەپەژە، هەپەگە، وێنەی ئۆجالان، ئاڵای تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و ئاڵای هەرێمی کوردستان هەڵدرابوون.

لە مەیدانی چالاکییەکە، داخوازییە سەرەکییەکان ئەمانە بوون؛ پشتیوانی لە چالاکییەکانی مانگرتن بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، لەناوبردنی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لەسەر کوردستان، ئازادیی عەفرین، بەرخۆدانی شیلادزێ و پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی.

بە دەستپێکردنی فەرمی بەرنامەکان، جەماوەر لە دەوری ساحەکە کۆبوونەوە و پیرۆزبایی بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادیی و سرودی نەتەوەیی کوردستان "ئەی ڕەقیب" دەستیپێکرد.

دواتر ئاگری نەورۆز لە لایەن خانەوادەی شەهیدانی شیلادزێ و شەهیدانی نەورۆزی ٢٠١٨ی قەندیل کرایەوە، لە کاتی کردنەوەی ئاگرەکە هونەرمەند ئیحسان زیرەک، گۆرانییەکەی هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەک "ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە"ی وت.

دوای ئەوە پەیامێکی دەنگی عەبدوڵا ئۆجالان لەسەرنەورۆز بڵاوکرایەوە، کە تێدا باسی واتای ڕاستەقینەی نەورۆز دەکات و ئاماژە بە لەناوبردنی داگیرکاریی کوردستان دەکات.

دوای ئەوە هونەرمەند کەریم سوورچی چووە سەر ساحەکە و گۆرانی وتەوە و خەڵکی هێنایە جۆش.

پەیامی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخستنەکانی ژنان خوێندرایەوە، دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە، پەیامی کەجەکەی پێشکەش کرد، خەڵک بە چەپڵە و دروشم پێشوازییان لە پەیامەکەی کەجەکە کرد و دیار غەریبیش سوپاسی ئامادەبووانی  کرد، بۆ ئەوەی گوێیان بە هێرشەکانی تورکیا نەداوە و ئامادەی نەورۆزی قەندیل بوون، ئەڤین زیلان-یش پەیامی کەژەکەی پێشکەش کرد، تەڤگەری ئازادیی و ڕژاک-یش لەسەر ساحەکە پەیامیان خوێندەوە، بزۆتنەوەی گۆڕان-یش پەیامێکی نوسراوی ناردبوو بۆ نەورۆزی قەندیل.

مەلا نادر و مەلا سامان سەنگاوی، سڵاویان لە تێکۆشانی شەڕڤانانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، کە داعشیان تێکشکاندووە، مەلا سامان ئاماژەی بەوەدا کە هەندێکجار لە دۆخی بێهیوا دەبن، کاتێک دێنە قەندیل و چاویان بە گەریلا دەکەوێت، باوەڕیان بە کوردستانێکی ئازاد و سەربەرز زیاتر دەبێت و دەزانن کە سەرکەوتن نزیکە، شەیما گەرمیانی بەناوی چالاکوانانی مانگرتووی باشوری کوردستانەوە چووە سەر ساحەکە و نەورۆزی لەگەلی کورد پیرۆز کرد و ڕایگەیاند تا داخوازەکانیان پێکنەێیت، دەست لە چالاکییەکانیان هەڵناگرن.

جیاواز لە هەموو ساڵیک، عەشیرەتەکانی باشوری کوردستانیش پەیامیان هەبوو، عەشیرەی برادۆستی پەیامێکی نووسراویان ناردبوو کە تێدا داوایان کردبوو کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، هەروەها عەشیرەتی جاف و سوورچی-یش پەیامیان ناردبوو و نەورۆزیان لە گەل پیرۆز کردبوو.

زۆرینەی بەرنامەکان هونەریی بوون، هونەرمەندی کورد ڕۆتیندا یەتکینەر، دیار دەرسیم، ئحسان زیرەک، کەریم سوورچی، شلێر سنەیی، بەرهەم شەمامی، گروپی میزۆپتامیا، گروپی شەهید سەرحەد، گروپی ئاوازی چیا و گروپی هەڵپەڕکێی شەهید دەستینا، بەرنامەیان پێشکەش کرد و خەڵکیان هێنایە جۆش.

گروپی ئاوازی چیا گۆرانییەکی نوێ لەسەر شەهیدانی خواکورک کە لە بەرامبەر داگیرکاری جەستەی خۆیان کردە قەڵغان، وتنەوە، دیار دەرسیم-یش گۆرانییەک لەسەر سەرهەڵدانی شیلادزێ پێشکەش کرد.

دوایی گەنجان بە گۆرانییەکانی بەرهەم شەمامی گروپ گروپ هەڵپەڕکێیان کرد.

لە کاتی پیرۆزباییەکەش هێرشی ئاسمانی کرایە سەر گوندەکانی قەندیل، بەڵام خەڵک بێ ئەوەی بترسن لە مەیدانەکە مانەوەو شەویش ئاگریان کردەوە.

جۆش و خروشی نەورۆز ئەمساڵ لە هەموو ساڵێک وەک باوەڕ بە بەئەنجام گەیشتنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و ئازادیی ئۆجالان، زیاتر بوو، کۆتایی هاتنی داعش، ئازادیی عەفرین و یەکێتی نەتەوەیی کوردستان داخوازیی سەرەکی و هاوبەشی هەموو کوردان بوو.

د.ع