نەوەی نوێ: ناکرێت لەبەر بارزانی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم هەڵبوەشێندرێتەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت و ناکرێت لەبەرئەوەی بارزانی بۆی نییە خۆی کاندید بکات، پۆستی سەرۆکی هەرێم هەڵپەسێردرێت یان هەڵبوەشێندرێتەوە.


ئەمڕۆ، جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوە یاخود هەڵپەساردنی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ناکرێت لەبەرئەوەی بارزانی بۆی نییە خۆی کاندید بکات، پۆستی سەرۆکی هەرێم هەڵپەسێردرێت یان هەڵبوەشێندرێتەوە.

دەشڵێن: هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم یان هەڵپەساردنی، بە مانای هێشتنەوەی هەردوو دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت دێت لە دەستی پارتیدا.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داواشدەکات، کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا دابەشبکرێت.

جێگای باسە، ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خوێندنەوەی بۆ پرۆژە یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم دەکات و تاوەکو ئێستاش، دوو ماددەی پرۆژەیاساکەی پەسەندکردووە.

پرۆژە یاساکە لەلایەن فراکسیۆنی گۆڕان و دوو پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامییەوە ئامادەکراوە و لە پێنج ماددە پێکهاتووە.

ب.ل