دووشەممە, 18 يون 2018 – 12:14 ڕۆژنیوز – سلێمانی
ئەمڕۆ، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە بینای بەڕێوبەرایەتیەکە ئاماری سێ ڕۆژی ڕووداوەکانی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا خستەڕوو.
کاروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە کۆنگرەکەدا وتی: لە سێ ڕۆژی جەژندا ٩ ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە، کە چواریان پێکدادان بووە و سێ ڕووداویشیان لەدەستدانی کۆنترۆڵ بووە بەهۆی خێرا لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بووە و دوو ڕووداویش شێلانی هاوڵاتیان بووە.
کاروان وتیشی: لەو نۆ ڕوداوەدا ١١ هاوڵاتی بریندار بوون و هیچ هاوڵاتیەک گیانی لەدەستنەداوە.
ئاماژەی بەوەشدا: لە بۆنەکانی ڕابردوودا زۆربەی ڕووداوەکان لە دەرەوەی شار ڕوویدەدا، بەڵام ئەمجارەیان زۆربەی لە ناوشاردا بووە و لەو نۆ ڕووداوە هەشت ڕووداویان لە ناوشاردا بووە و یەک ڕووداویان لە دەرەوەی شاردا بووە.
بە بەراورد بە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو ڕێژەی بریندارەکان کەمی کردووە بە جۆرێک لە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوودا نۆ ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە و ٢٤ هاوڵاتی برینداربوون و هیچ هاوڵاتیەکیش گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام لەمساڵدا ١١ هاوڵاتی بریندار بوون.
ک.ک