هاشتاگی مەهسا (ژینا) ئەمینی، جارێكی تر ژمارەیەكی پێوانەیی لە مێژووی تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر دا تۆمار كرد، سەرباری پچڕانی ئەنتەرنێت و فلتەركردنی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیە لە ئێران، ٢٠٠ ملیۆنی تێپەڕاند.
سەرباری پچڕانی ئەنتەرنێت و فلتەركردنی تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر لە ئێران، بە پشتگیری ژمارەیەكی بەرچاو كەسایەتی دیاری جیهانی و هاوڵاتیان بە گشتی، هاشتاگی مەهسا (ژینا) ئەمینیی ٢٠٠ ملیۆنی لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە تێپەڕاند و جارێكی تر ژمارەی پێوانەیی لە میژووی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیە دا تۆمار كرد.
هەروەها دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و ” زن، زندگی، آزادی”یش یەكێكی تر لەو هاشتاگانن كە لەسەر ئاستی جیهانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بوونە ترەند و پێشەنگی هەشتاگەكانی ئەو تۆڕە دەكەن.
ساڵی ٢٠٢٠ دوای كوژرانی جۆرج فلۆید، هاوڵاتییەكی ڕشپێستی ئەمریكیی لەلایەن پۆلیسی ئەمریكاوە، هاشتاگی “Black Lives Matter” یەكێك بوو لەو هاشتاگانەی لە تویتەر بەشێوەیەكی بەرچاو بەكارهێنراو و لە ماوەی دوو هەفتەدا گەیشتە ٤٨ ملیۆن كەس، بەڵام هاشتاگی #مەهسا_ئەمینی لە ماوەی ١٠ ڕۆژ دوای كوژرانی، ژمارەی پێوانەیی میژووی تویتەری شكاند.
دوای ئەوەی ڕۆژی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵ لە ئەنجامی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا، جگە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، كە لەئێستادا لە ١٧ یەمین ڕۆژی ناڕەزاییەتییەكان دایە.
هەروەها، لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكانیش كاردانەوەی بەربڵاوی لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانیی بە دوای خۆیدا هێنا و خەڵك و ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتییە جیهانییەكان بە دانانی هاشتاگ ناڕەزایەتیی دەدەبڕن و پشتگیری ئەو ڕاپەڕینەی لە ژێر ناوی “ژن، ژیان، ئازادی” دوای كوژرانی ئەو كچە كوردە سەریهەڵداوە دەكەن.
ترەندبوونی هاشتاگێك لە ناو تویتەردا لەو ڕوانگەیەوە گرنگییەكی زۆری هەیە، كە ڕایگشتیی جیهانی بە لای خۆیدا ڕادەكێشت.
ڕ.ڕ