هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح دەستبەسەرکران

هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح دوای ئەوەی لە پۆستەکانیان دوور خرانەوە و قەیوم لە پۆستەیان دانرا، دەستبەسەرکران، هاوکات سزای زیندانی بەسەر دوو چالاکی بزوتنەوەی ژنانی ئازادیشدا سەپێندرا.


دوای جێگیرکردنی قەیوم لە پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلح، هێزەکانی پۆلیس ٢٣ی ئەم مانگە هەڵیان کوتایە سەر چەندین ماڵدا و لە ئەنجامی ئۆپڕاسیۆنەکەدا، هەر یەک لە محمد دەمیر و سونگول کۆرکماز، هاوسەرۆکانی شارەوانییەکە، شەهریبان ئایدن جێگری هاوسەرۆکانی شارەوانیەکە، هەر یەک لە محمد سالح چەتین کایا، شوکران چەلەبی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەکە و عادل ئاراسلان، عبدولا تارهان نوێنەرانی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک-کەجەدە و سیاژن یڵدرم و ئەمینە ئەردەم چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد و ئەڤین جان و سەمانور جان ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە و سەرحاد بایک دابەشکاری ڕۆژنامەی یەنی یاشام دەستگیرکران.

هەر ١٦ کەسەکە کە بە هۆی ئەنجامدانی چالاکی بۆ ئیدانەکردنی قەیومەکان دەستگیرکران، هەمان ڕۆژ لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش وتەیان لێ وەرگیرا.

هەر یەک لە ئەڤین جان و سەمانور جان ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە و سەرحاد بایک دابەشکاری ڕۆژنامەی یەنی یاشام، ڕەوانەی دادگا کران و بە کەفالەت ئازاد کرابوون، بەڵام هەر یەک لە سیاژن یڵدرم و ئەمینە ئەردەم چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد بە بیانووی ئەوەی 'ئەندامی ڕێکخستنن' ڕەوانەی زیندانکران.

هاوکات هەر یەک لە محمد سالح چەتین کایا، شوکران چەلەبی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەکە و عادل ئاراسلان، عبدولا تارهان نوێنەرانی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکرات-کەجەدە، ڕەوانەی دادگای شاری ئێلح کران.

هەر یەک لە محمد دەمیر و سونگول کۆرکماز هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلحیش تا ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەکە دەستبەسەرن و هێشتا وتەیان لێوەر نەگیراوە.

د.ع