هاوسەرۆکی نێونەرایەتیی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە، کە پێویستە بکوژانی زەکی چەلەبی دەستگیربکرێن و سزای خۆیان وەربگرن، دەشڵێت: بکوژان بەبێ پشتگیریی ناتوانن ئەم کردەوەیە ئەنجام بدەن.
درەنگانی شەوی ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢، دوو کەس لەسەر ماتۆڕسکیلێکەوە دەستریژی گوللـە لە محەمەد زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕیستۆرانتی دەنیز دەکەن لە شەقامی بەختیاری لە شاری سلێمانی و بەسەختیی برینداری دەکەن، دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٧ کاتژمێر لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیی و ئەنجامدانی شەش نەشتەرگەریی، ئێوارەی ١٨ی ئایار بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
سێ ڕۆژ بەسەر ڕووداوی تەقەکردن لە محەمەد زەکی چەلەبی تێپەڕبووە و تائێستا دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی کەیسەکەوە بڵاونەکردووەتەوە و باسیان لە دەستگیرکردنی بکەرانی ئەو تیرۆرەش نەکردووە.
ناهیدە ئەرمیش، هاوسەرۆکی نێونەرایەتیی هەرێمی کوردستانی هەدەپە لە شاری هەولێر لەبارەی ئەو کەیسەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: هێرشکردنە سەر هەڤاڵ محەمەد زەکی چەلەبی شەرمەزار دەکەین،، ماوەی چەند مانگێکە مەترسیی لەسەر ئەندامانی هەدەپە هەیە، ئەم کردەوانەی لە باشووری کوردستان ڕوودەدن بەدەر نییە لە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک، چونکە ماوەی چەندین ساڵە دەوڵەتی تورک گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکات.
وتیشی: دەوڵەتی تورک بەهەموو شێوەیەک لە هەرچوار پارچەی کوردستان شەری گەلی کورد دەکات، ئامانجییەتی ئیرادەی گەلی کورد و بەرخۆدانەکەی تێکبشکێنیت، بەڵام سەرکەوتن و بەرخۆدانی گەلی کورد بەردەوامە، بۆیە هیچ کاتێک ئەم مەترسییانە گەلی کورد ناوەستێنیت.
هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی هەدەپە داواش لە یەنەکە دەکات، کە بەهەموو جۆرێک لێکۆڵینەوە لەو “کردەوە تیرۆریستییە” بکەن و دەڵێت: پێویستە تاوانباران بدۆزرێنەوە و سزا بدرێت، بۆیە گەر بکەری تاوانەکە دیاری نەکرێت و نەدۆزرێتەوە بە سزای خۆی نەگەیەندرێت، دیار نییە سبەینێ لە شوێنیکی تر هەمان کردەوەی تیرۆریستیی بەرامبەر بە ئەندامانی هەدەپە ئەنجام بدرێت.
ئەرمیش ئەوەش ناشارێتەوە، کە بکەرانی ئەو تاوانانە “پشتگیرییان لێ دەکرێت” و وتی: بەبێ بوونی لایەنێک و پشتگیریی لەم بکوژانە، ئەم کردەوانە ئەنجام نادرێت، چونکە ئەمە چەندین جارە لە شاری سلێمانی ئەم ڕووداوانە ڕوودەدەن، بۆیە پێویستە بکەرانی ئەم تاوانە دەستگیربکرێن و سزابدرێن.
ب.ل