هاوسەرۆکی پادێ ڕایدەگەیەنێت، ئەو گەنجانەی کە هەڵوێستیان هەبووە دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستگیرکراون و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-یش کراوەتە پاساو بۆ دەستگیرکردنیان، وتیشی: ئەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە، لەلایەن عێراق و پەدەکە و دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و هەڕەشەیان لێکراوە.
عومەر ساڵح، هاوسەرۆکی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان (پادێ) لەبارەی دەستگیرکردنی سێ گەنجی ئێزدیی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی عێراق لە شەنگال بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: گەلەکەمان دژی دەستگیرکردنی ئەو گەنجانەیە، منداڵەکانمان لە فەرمان ڕزگارکراون، لە دژی داعش شەڕیان کردووە و بەرخۆدانیان کردووە بەچالاکیەکانیان دەیانەوێت داوای مافەکانی خۆیان بکەن و ڕێگری لەو هێرشانە بکەن بۆ سەر شەنگال.
وتیشی: دەستگیرکردنیان لەلایەن حکومەتەوە کارێکی بەجێ نییە، دەیان جار لەگەڵ دامودەزگاکانی عێراق کۆبوینەوە و هەرجارە بەڵێنی ئازادکردنی ئەو گەنجانەیان پێداوین، بەڵام تا ئێستا بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی عێراق پێیداوین دەڵێن؛ هیچ شتێک لەسەر گەنجەکان نییە، هەروەها لەدادگا هیچ تۆمەتێکیان لەسەر نەبووە، بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراون.
ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرۆک هۆزەکانی شەنگال و یەبەشە و دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بەردەوامن لە کۆبوونەوە لەسەر دەستگیرکردنی گەنجانی ئێزدیی و پرسی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی عێراق لە شەنگال و وتی: لە کۆبوونەوەکاندا باس لەوە دەکەن ئەوان هەموو کێشەکان چارەسەر دەکەن، ئێمەش چاوەڕێی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان دەکەین، گەلەکەمان دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان بەرخۆدان بکەن، ئێمە بە دەستگیرکردنی سێ گەنج تەواو نابین، حکومەتی عێراق تا ئێستا ئیرادەی گەلەکەمانی قەبووڵ نەکردووە، گەنجە دەستگیرکراوەکانیشمان گەنجانی ئەم کۆمەڵگایەن.
هاوسەرۆکی پادێ باسی لەوەشکرد، کە ئەوانەی لە شەنگال ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە، ئێستا لەلایەن پەدەکە و عێراق و دەوڵەتی تورکەوە دەکرێنە ئامانج و هەڕەشەیان لێ دەکرێت، وتیشی: ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە شەنگال ناجێگیرە و لە شەنگالیش لایەنی نایاسایی هەیە، بەڵام هەموو کەس دەزانێت ئەو هێزانەی خۆیان بە هێزی فەرمی ناوبردووە بەرگەی داعشیان نەگرت و گەلەکەمانیان بە کۆمەڵکوژکردندا، هێزە عێراقییەکان هێزیک نین کە توانای بەرگرییکردنیان هەبێت، ڕۆژانە ناوەندی بەغدا دەکرێتە ئامانج و کەس ناتوانێت ڕێگری لەو هێرشانە بکات، بەڵام شەنگال کە خەڵکەکەی بە خواستی خۆیان توانیویانە سەقامگیریی جێگیر بکەن، هەندێک لایەن دەیانەوێت ئەم سەقامگیرییەی ئێستای تێکبدەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ سێ گەنجی ئێزدیی لەکاتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شەنگال لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕێگریان لێ دەکرێت و دەستگیردەکرێن، زیاتر لە مانگێکیش بەسەر دەستگیرکردنیاندا تێپەڕدەبێت تائێستا ئازادنەکراون.
ب.ل