هاوسەرۆکی پادێ ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕێبەر ئۆجالان هەموو مرۆڤایەتیی وەک زنجیری ئازادیی کردووەتە یەک و پێیوایە، چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیمراڵییە، دەشڵێت: ٢٣ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانەوە هێڵی بنەڕەتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت، ئەوەش وایکردووە ملیۆنان کەس بە ئازادبوونی لەسەر پێ بن.
زەهرا سلێمان، هاوسەرۆکی پارتی ئازادیی و دیموکراسیی ئێزدییان-پادێ لە میانی لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز لەبارەی ٢٣یەمین ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وتی: بەڕێز ئۆجالان هێز و ئیرادەیەکی بەهێزی لەگەڵ گەلان دروستکرد، ملیۆنان کورد لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ خۆیان بە زیندانیی دەبینن.
ئاماژەی بە تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان بەرامبەر سیستمی دەسەڵاتداریی کرد و وتی: کاتێک سیستمی دەسەڵاتداریی دامەزرێندراوە، مافی مرۆڤ لە جیهان نەما، یەکێک لەو کەسانەی بەرامبەر سیستمی سەرمایەداریی و دەسەڵات هەستاوە، ڕێبەر ئۆجالانە، فکر و فەلسەفەی ئەو هەموو مرۆڤایەتیی وەک زنجیرێکی ئازادیی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
دەشڵێت: خەڵک تێگەیشتووە لەوەی کە تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر ئەو فکر و فەلسەفەیە چارەسەر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدۆزرێتەوە، ئەوە کێشەکان چارەسەر نابن.
هاوسەرۆکی پادێ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان کرد و وتی: دەیانەوێت بەم گۆشەگیرییە خەڵک بترسێنن، ئەمڕۆ هەزاران کەس بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان و ئازادیی کوردستان لە زیندانەکاندا بەرخۆدان دەکەن، سەرۆک ئاپۆ ٢٣ ساڵە لە زیندانەوە هێڵی بنەڕەتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێت، بۆیە ئەمڕۆش ملیۆنان کەس بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان و پووچەڵکردنەوەی گەلەکۆمە لەسەر پێن.
زەهرا سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیمرالییە و وتی: ئەوان هیچ کات ناتوانن لە دەرەوەی ئیمرالییەوە چارەسەریی دابنێن، ئیرادە و بەرخۆدانی بەڕێز ئۆجالان و گەلان، پیلان و گەلەکۆمەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، فکر و فەلسەفەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دەبنە چارەسەر بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ب.ل