فوئاد بێریتان ڕایگەیاند: سیستمی “نەتەوەی دیموکراتی” جێگرەوەیەکە لە بەرامبەر قەیرانە هەنووکەییەکان، یەکێتی گەلانی ئازەری و کورد دەتوانێت ببێتە کۆڵەکەی سەرەکیی ئێرانێکی دیموکراتی، هەروەها خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ ئەرکێکی ئەخلاقی و ویژدانییە لە بەرامبەر مرۆڤایەتی و مێژوودا.
فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، بەشداری بەرنامەی ‘هێڵی سێ’ی تەلەفزیۆنی ئاریەن بوو و لەسەر کێشە و قەیرانە هەنووکەییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێگە چارەیان قسەیکرد.
هاوسەرۆکی کۆدار لەسەر دۆخی هەنووکەیی ئێران وتی: قۆناغی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ دژوارتر دەبێت و تادێت دۆخی خەڵک خراپتر دەبێت، هەندێک پێیان وایە کە بە هاتنی بایدن قەیرانەکانی ئێران چارەسەر دەبێت و قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات، بەڵام ئایا ئەمە ڕوودەدات؟ ئایا قەیران و کێشەکانی خەڵک چارەسەر دەبن؟ ئایا داواکاریی سەرەکیی گەل نەمانی قەیرانی ئابورییە یان باسی ناسنامەیی و سیاسی؟ لە ڕاستیدا کێشەی سەرەکی گۆڕینی زیهنییەتێکە کە زاڵە بەسەر کۆمەڵگادا، تا ئەو کاتەی زیهنییەتی دەوڵەت-نەتەوە و ویلایەتی فەقیهـ لەسەر کار بێ، ناتواندرێت باس لە چارەسەریی ڕیشەیی قەیران و کێشەکان بکردرێت، گۆڕینی دەموچاوکانیش ئەمکارەی پێناکرێت.
فوئاد بێریتان لەسەر بە سەربازیکردنی حکومەت و سەرۆک کۆمار لە هەڵبژاردنی داهاتوو، وتی: ئەگەر ئەمە ڕووبدات هەر چەشنە ناڕەزایەتی و دەنگێک سەرکوت دەکرێت و کۆمەڵگاش بە سەربازی دەکرێت، مافیای سوپای پاسدارانیش هەموو کەرتە گرنگەکانی لەژیر دەست دایە، کە ئەمەش بۆ پاراستنی ناوەندی دەسەڵاتە.
بێریتان بە ئاماژەدان بە نەخشە ڕێگایەک کە بزوتنەوەی ئاپۆیی ڕۆژهەڵات، خستبوویەڕوو، وتی: گەلی کورد عەڵقەی سەرەکیی بۆ ئێرانێکی دیموکراتییە، ئێرانێکی دیموکراتی و دەستوورێکی بنەڕەتیی دیموکراتی، بە واتای بەدیهاتنی داخوازە دیموکراتی و سیاسی و ناسنامەییەکانی گەلان و باوەڕییەکانی ئێرانە، دەسەڵاتی ئێران ڕەوایەتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای نییە، ڕیفراندۆم (گشتپرسی) نەتەنها بۆ دەستووری بنەڕەتی، بۆ سیستمیش پێویستە بکرێت، کە ئایا گەل ئەم دەسەڵاتە بە ڕەوا دەبینن یان نا؟
بێریتان ئاماژەی بە دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ قەیرانە هەنووکەییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وتی: سیستمی نەتەوەی دیموکراتی، جێگرەوەیەکە لە بەرامبەر قەیرانە هەنووکەییەکان، پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی گەلان لە جوگرافیای سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕێکارێکە بۆ ئێرانێکی دیموکراتی، لەم نیوەندەشدا، یەکیتی گەلانی ئازەری و کورد دەتوانێت ببێتە کۆڵەکەی سەرەکیی ئێرانێکی دیموکراتی.
فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لە کۆتایی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە هەڵمەتی “کاتی ئازادییە” وتی: بەشداریی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و ئازادیخوازان لە هەڵمەتی “کاتی ئازادییە” و هەڵمەتی “بەڵێ بۆ دیموکراسی، نە بۆ سێدارە”، ئەرکێکی مێژووییە، هەروەها خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی، ئەرکیکی ئەخلاقی و ویژدانییە لە بەرامبەر مرۆڤایەتی و مێژوودا.
ب.ک